بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پارتی دیموکراتی کوردستان روونکردنەوەیێکی لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڵاو کردەوە و رایدەگەیێنێت: "بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکان رەت دەکەینەوە و پشتگیری لە ژماردنەوەی دەنگەکان بە دەست دەکەین".
مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە روونکردنەوەیێکدا رایگەیاند: "بۆ رەواندنەوەی كۆی گومان و ناڕەزاییەتییەكانی لایەنەكان، بە باشی دەزانین كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە چوارچێوەی یاسادا كاری پێویست ئەنجام بدات".
گوتەبێژی پارتی هەروەها دەڵێت "هەر بڕیارێک بدرێت بە رێگەی یاسایی بۆ ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست و بۆ مەبەستی گێڕانەوەی متمانەی لایەنە سیاسییەكان و دەنگدەران، ئێمە بە باشی دەزانین و پاڵپشتیی دەكەین".
دەقی راگەیێندراوەکەی گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان
دوابەدوای راگەیاندنی دەرئەنجامەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نیگەرانی و گومان لەو دەرئەنجامانە بڵاو بووەوە، ئێمەش وەكوو پارتی دیموكراتی كوردستان بە شێوەیێكی فەرمی لە بەیاننامەی مەكتەبی سیاسیماندا رامانگەیاند کە لە دەرئەنجامەکان گومانمان هەیە و غەدرێكی زۆریش لە پارتی كراوە، بۆیە بۆ رەواندنەوەی كۆی گومان و نارەزاییەتییەكانی لایەنەكان بە باشی دەزانین كۆمیسیونی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكان لە چوارچێوەی یاسادا كاری پێویست ئەنجام بدات.
ئێستاش بابەتی دەرئەنجامەكان بووەتە ئاڵۆزییێکی زۆری راگەیاندنەكان و هەر كەس و لایەنێک بە شێوازێک شرۆڤەی دەكات و بە ئاقارێكدا قسەی لەسەر دەكات، بۆیە و لە روانگەی هەست بە بەرپرسیارییەتی و بە خەمەوەبوونی پاراستنی سەقامگیری و رەواندنەوەی گومانەکان، هەر بڕیارێک بدرێت بە رێگای یاسایی بۆ ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست و بۆ مەبەستی گێرانەوەی متمانەی لایەنە سیاسییەكان و دەنگدەران، ئێمە بە باشی دەزانین و تەئیدی دەكەین.
شایەنی باسە، بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە بە تەنیا دەرئەنجامەكانی هەرێمی كوردستان و كەركووک ئیلغا دەكاتەوە، ڕەت دەكەینەوە و بە بڕیارێكی سیاسی دەزانین.
سەرچاوە: تۆڕی میدیایی ڕووداو
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment