به‌ دووری نازانم هه‌ڵبژاردنی گشتی له‌ عێراق دووباره‌ بکرێته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆکی ده‌وڵه‌تی یاسا له‌ په‌رله‌مانی عێراق ڕایگه‌یاند له‌ ئۆردۆن و ئه‌مریکا و تورکیا و وڵاتانی‌تریش بنکه‌ی ده‌نگدان فرۆشراون و به‌ دووریشی نازانێت هه‌ڵبژاردنی گشتی له‌ عێراق دووباره‌ بکرێته‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، عه‌لی ئه‌دیب سه‌رۆكی فراكسیۆنی هاوپه‌یمانێتی ده‌وڵه‌تی یاسا له‌ په‌رله‌مانی عێراق به‌ ده‌نگی ئه‌مریکای ڕاگه‌یاندوووه‌ په‌رله‌مانی عێراق له‌ چه‌ند دانیشتنی تایبه‌تیدا سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردنی عێراق ژماره‌یێک بڕیاری داوه‌ له‌وانه‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ته‌واوی ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق که‌ له‌ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ کراون.

سه‌رۆکی ده‌وڵه‌تی یاسا له‌ په‌رله‌مانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردوووه‌ گومانه‌کانی له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌وه‌ی فێڵ و ته‌ڵه‌که‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌دا کرابن و ده‌ستکاری ئه‌نجامه‌کانیش کرابن ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌و سکاڵا و گازه‌ندانه‌ی له‌ کۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌کان تۆمار کراون پاش ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌کان و ژماره‌یان به‌ زیاتر له‌ یه‌ک هه‌زار سکاڵا و گازه‌نده‌ مه‌زه‌نده‌ ده‌کرێت.

عه‌لی ئه‌دیب باسی له‌وه‌ش کردوووه‌ کۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌کان پێش ڕۆژی ده‌نگدان هیچ تاقیکردنه‌وه‌یێکی به‌رایی بۆ ئامێره‌ ئه‌لیکترۆنییه‌کانی ئه‌ژمارکردنی ده‌نگه‌کان نه‌کردوووه‌ و هیچ کۆمپانیایێکی پسپۆڕیش چاودێری ئه‌و ئامێرانه‌یان نه‌کردوووه‌.

ناوبراو وتیشی: "به‌ دووری نازانم هه‌ڵبژاردنی گشتی له‌ عێراق دووباره‌ بکرێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر بێتوو جیاوازییه‌کان له‌ نێوان ئه‌ژمار کردنی ئه‌لیکترۆنی و ئه‌ژمار کردنی به‌ ده‌ست له‌ سه‌دا بیست و پێنج یان زیاتر بێت."

هاوکات له ‌دوای ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کانه‌وه‌ تا ئێستا زیاتر له‌ سێ هه‌زار سکاڵا دژی پرۆسه‌ی ده‌نگدان و ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن پێشکه‌ش کراون و زۆرێک له‌ لایه‌نه‌کان ئه‌نجامه‌کان ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه‌.

ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 28ی ئایار په‌رله‌مانی عێراق له‌ کۆبوونه‌وه‌یێکی نائاساییدا بڕیاری دا به‌ ژماردنی ده‌ستیی له‌سه‌دا ١٠ی کۆی ده‌نگه‌کانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامی ده‌ره‌وه‌ی عێراق و ده‌نگدانی تایبه‌تی ئاواره‌کان.

سه‌رچاوه‌: ئێن ئاڕتی

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 14923

Your Comment

You are replying to: .
captcha