بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەندامی شاندی هەرێم بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا بە میدیای فەرمی حزبەکەی راگەیاندووە: یاسای بودجەی گشتی عێراق بەتایبەت ماددەی 11 کە پەیوەستە بە بەشی هەرێم، لە رووکاردا یاسایەکی دراییە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا رێککەوتنێکی سیاسی یاسایی نەوتی داراییە، ئەم رێککەوتنە لە شوێنێکدایە هەردوولا لە ناوەڕاستدا پێی قانع بوون، ئەوەش دوای دابڕانێکی چەند ساڵی لەنێوان هەرێم و ناوەندا، بۆیە کۆی داخوازییەکانی هەرێمی هەڵنەگرتووە و کۆی داخوازییەکانی ئەوانیشی هەڵنەگرتووە".
ئەوەشی خستوەتەڕوو، لەڕووی سیاسییەوە ئەو رێککەوتنە پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا ئاسایی دەکاتەوە، ئەو تێگەیشتنەی لە ناوەڕاست و باشوور دەربارەی هەرێم هەبوو کە کورد سەرچاوەی کێشەکانی ئەوانە ئەوە راست دەبێتەوە و جارێکی دیکە پەیوەندییەکانی (کورد و سوننە) و (کورد و شیعە) ئاسایی دەبێتەوە و متمانە دروست دەبێتەوە، ئەوەش هەنگاوێکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەتایبەت ناوچە دابڕێنراوەکان و دەرکردنی یاسای نەوت و گاز و یاسای بودجەی ساڵی داهاتوو.
ئاوات شێخ جەناب جەخت لەوە دەکاتەوە، لەرووی سیاسیەتی نەوتییەوە ئەو یاسایە چەند خزمەتێک بە هەرێم دەکات بەتایبەت لە پرسی چاوخشاندنەوە بە گرێبەستی نەوتی و گرێبەستی کۆمپانیاکان و بە گواستنەوەی نەوت و بە تێچونی نەوت و تەنانەت کۆمپانیاکانی سکیورتیش لەژێر پێداچوونەوەدان، "ئەوەش هەمووی لە بەرژەوەندی شەفافییەتە لە نەوتی هەرێم، وایان لێدەکات خێراتر و جدیتربن ئەوەش لە چورچێوەی ئەو چاکسازییەی حکوومەتی هەرێم دەستی پێکردووە".
لەبارەی جێبەجێ کردنی یاساکەوە ئاوات شێخ جەناب وتی، "جێبەجێ کردنەکەی پەیوەندی بە هەردولاوە هەیە، بەڵام بەلای هەرێمەوە دەتوانم ئەوە بڵێم کە هەرێم پابەند دەبێت بە جێبەجێ کردنی رێککەوتنەوە".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment