بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فرسەت سۆفی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی، دەڵێت: "ئەو سێ بنەمایەی کە پارتی بۆ پێکھێنانی حکوومەتی داھاتووی عێراق دایناوە، زۆر پەسەندە کە بریتین لە هاوبەشی، تەوافوق و هاوسەنگی، ئەگەر حکوومەتی عێراقیش پێشێلی بکات، پێش ھەرێمی کوردستان زیانی بۆ خۆی دەبێت، چوونکە بە بێ بەشداری ڕاستەقینەی گەلی کورد و ھەرێمی کوردستان لە دەسەڵات و سامان کە دوو پرەنسیپی سەرەکین لە فیدراڵیەتدا، عێراق ئارام و سەقامگیر نابێ".
پەرلەمانتارەکەی پارتی، ئەوەشی خستە روو، کە لە ڕابردوودا کورد بە فیعلی لە دەسەڵات و سامان بەشدار نەبوو، بۆیە گرنگترین شت ئەوەیە کە لەسەر بنامەیێک بۆ چوار ساڵی داھاتوو ڕێک بکەون، کە گونجاو بێت بۆ جێبەجێ کردن، ھەروەھا میکانیزمی جێبەجێ کردنی ڕوون و دیار بێ، چوونکە لە بەرنامەی حکوومەتەکەی عەبادی و مالیکیش بۆ نموونە مادەی ١٤٠، یەکێک بوو لە خاڵەکانی جێبەجێ کردن، بەڵام جێبەجێ نەکرا، بۆیە دەبێ بیر لە میکانیزم و سەقفی زەمەنی بکرێتەوە.
ناوبراو ئاشکراشی کرد، کە نایانەوێت بەشداریی بکەن، بەڵکوو دەیانەوێت ھاوبەش بن لە حکوومەتدا.
فرسەت سۆفی، پەرلەمانتاری پارتی، لە پەرلەمانی کوردستان، ئاماژەی بەوەش دا کە گرنگترین شت کە لە چوار ساڵی داهاتوودا کاری بۆ بکەن، پێداگری کردنە لەسەر گەڕاندنەوەی بنەمای تەوافوق، "دەبێ ئەنجومەنی ئیتحادی دروست ببێت کە وەک ئەنجومەنی سەرۆکایەتیی جارانە، لەوێ دەتوانن بە هاوسەنگی و تەوافوق ئەو یاسایانەی لە پەرلەمان بە زۆرینە دەردەچێت، بۆ پەرلەمانی بگەڕێننەوە".
بە بڕوای فرسەت سۆفی، ئەگەر عێراق بنەمای تەوافوق پێشێل بکات، ھەموو لایێک زەرمەند دەبن، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەم دۆخە تاسەر نابێت.
سەرچاوە: باسنیووز
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment