پارتى داوایێک ئاراسته‌ى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- پارتى دیموكراتى كوردستان داوا له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كات یه‌كڕیز بن و ده‌ڵێت "به‌ پێویستی ده‌زانین له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ خۆمان ڕێک بخه‌ینه‌وه‌ و كه‌موكورتییه‌كانمان به‌ره‌و چاره‌سه‌ر ببه‌ین."

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، پارتى له‌ ڕاگه‌یێنراوه‌كه‌یدا كه‌ به ‌بۆنه‌ى ساڵیادى شۆڕشى گوڵانه‌وه‌ بڵاوی كردوووه‌ته‌وه‌ داوا ده‌كات هه‌موو هاوكار بن بۆ تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانی ئابووری و به‌هێز كردنه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری و چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌ی مووچه‌ و بودجه‌ و به‌ یه‌كده‌نگ بڕیاری چاره‌نووسساز له‌سه‌ر ئاینده‌ی گه‌لی كورد بده‌ن.

له‌ ڕاگه‌یێندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتوووه‌ "له‌و قۆناغه‌ گرنگه‌دا ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌موومانه‌ به ‌تایبه‌تی حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان زه‌مینه‌ساز بن بۆ راپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌ مێژوویی و چاره‌نووسسازه‌كانی قۆناغه‌كه‌ و مامه‌ڵه‌ی وریایانه‌ له‌گه‌ڵ پێشهات و ڕووداو و گۆڕانكارییه‌كان بكه‌ن بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ خۆمان ڕێک بخه‌ینه‌وه‌ و كه‌موكورتییه‌كانمان به‌ره‌و چاره‌سه‌ر ببه‌ین."

له‌ ڕاگه‌یێنراوه‌كه‌دا داواش كراوه‌ هه‌موو هه‌وڵه‌كان بۆ به‌هێزكردنی پێگه‌ی كورد له‌ عێراق و به‌ده‌ستهێنانی پاڵپشتیی زیاتری كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بێت به‌ره‌و به‌دیهێنانی ئامانجه‌كان.

سه‌رچاوه‌: ڕادیۆ نه‌وا

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 14762

Your Comment

You are replying to: .
captcha