ئێزدیەکان تووڕەن لە دەرەنجامی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسێکی یەکێتی لە سنووری قەزای شنگال ئاشکرای دەکات شنگالی و شنگالیەکان داوای دەنگەکانیان دەکەن و دۆخەکەش ئاڵۆزە بەھۆی سووتاندنی ١٩٧ سندووقی دەنگدانەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حسێن دەرمان کارگێڕی مەڵبەندی شنگالی یەکێتیی دەڵێت: "کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن لە دھۆک غەدرێکی گەورەیان لە شنگال و ئێزدیەکان کرد و ھیچ ئێزدیێکان نەبوو بەپەرلەمانتار.

پێویستبوە ھەر سندووقێکی تایبەت بەدەنگدانی ئاوارەکان 500 دەنگی تێدا بێت لە سنووری پارێزگای دھۆک، بەڵام کاتێک سەیر کراوە زیاتر لە 600 دەنگ خراوەتە ھەر سندووقێکەوە، ئەوەش وایکرد سندووقەکان ئەژمارنەکرێن و دەنگەکانی ناوی بەسووتاو ئەژمار بکرێن.

کارگێڕی مەڵبەندی شنگالی یەکێتیی ڕاشیگەیاند: "دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بارودۆخی قەزای شنگال زۆر خراپ بووە، دەنگدەرانیش داوای دەنگەکانیان دەکەنەوە".

ناوبراو وتیشی:"وەک سنووری قەزای شنگال، ناحیەی قەیرەوان، گرعوزێر، ناحیەی سنونێ کە بەڕێژەی لە٨٠% ئاوارەن و لە پارێزگای دھۆک و لەناو کەمپەکانن سەرجەم دەنگەکانیان فەوتاوە، ئەوەش غەدرێکی گەورە بوو لە شنگال و ئێزدیەکان کرایەوە".

دەرمان ئاماژەی بەوەش کرد "بەو ھۆیەوە خەڵکی شنگال ھیچ نوێنەرێکیان نەچووە بەغدا، خەڵکەکەش لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان سکاڵایان لەسەر کۆمسیۆن تۆمار کردووە لە دادگای فیدراڵی، چوونکە ١٦٨ ھەزار دەنگدەر دەنگیداوە و دەنگەکانیشیان بە سووتاو ئەژمار کراوە، ئەوەش تووڕەیی ئێزدیەکانی بەدوای خۆیدا ھێناوە".

لەوبارەیەوە زیاتر وتی: "پێشتریش ئەو کۆمسیۆنە ھیچ خولێکی ڕاھێنانیان بەکارمەندانی سەر سندووق و ئامێرەکانیش نەکردبوو، لە لایێکی دیکەوە خەڵکێک دانرابوون لەسەر سندووقەکان ھیچ پسپۆڕیی و شارەزاییەکیان لەسەر ئەو ئامێرە ئەلکترۆنیانە نەبوو".

بەرپرسەکەی یەکێتیی لەشنگال باسی لەوەش کرد "بەھۆی دروست بوونی ئەو حاڵەتەوە دۆخی شنگال زۆر خراپ بووە و پێدەچێت خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەست پێبکات، ھەروەھا چاوەڕوانیش دەکرێت ژمارەیێک خەڵک واز لە حزبەکانیان بھێنن".

سەرچاوە: تۆڕی هەواڵی سلێمانی

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 14732

Your Comment

You are replying to: .
captcha