کوردپرێس- هەرچەندە وڵاتانى ئەورووپا جەخت لە مانەوەیان دەکەنەوە لە چوارچێوەى رێککەوتنەکە، بەڵام دواى بڕیارەکەى ترەمپ بۆ کشانەوەى ئەمریکا، ئەوانیش ساردى بە مامەڵەکانیانەوە دیارە لەگەڵ ئێراندا و پێناچێت ئارەزووى مانەوە بکەن لەو رێککەوتنەدا.
بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە تەلەفیزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەى راگەیاندوە، پێویستە وڵاتانی ئەورووپا بە کردەوە ئەو بەڵێنانەى بە ئێرانیان داوە جێبەجێى بکەن، بە پێچەوانەوە وڵاتەکەى بەپێى دۆخەکە مامەڵە دەکات.
ناوبراو ئاماژەى بەوەش کردووە، ئەگەر هاتوو وڵاتانی ئەورووپا لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی کشانەوە، ئەوا وڵاتەکەى ناچار دەبێت ئەو پلانەی پێشتر ئامادەی کردووە جێبەجێی بکات، بەڵام ئاماژەى بەجۆرى ئەو پلانە نەکرد کە ئامادەیان کردووە.
لەلایێکى دیکەوە ئاژانسى نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، سەرەڕای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە، هێشتا ئێران پابەندە بە بەندە سەرەکییەکانی ڕێکەوتننامەکەوە سەبارەت بە چالاکییە ناوکییەکانی.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئێران دەتوانێت خێراتر و چالاکتر بێت لە ڕێپێدانی پشکنەرەکان تا بتوانن زیاتر بچنە شوێنەکانیەوە بۆ پشکنینی زیاتر و لەناکاو.
هاوکات بەرپرسێکى باڵاى ئێران کە ئێستا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانى ئەورووپا لە ڤیەنایە بە میدیاکانى وڵاتەکەى راگەیاندوە، پێویستە وڵاتانى ئەورووپا لە بەرامبەر کشانەوەى ئەمریکا لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە کۆمەڵێک رێوشوێنى ئابوورى بۆ هاوکاریکردنى ئێران بگرنە بەر.
ئاماژەى بەوەش کردوە، وڵاتەکەى لەماوەى چەند هەفتەى داهاتوودا بڕیارى خۆى دەدات بە مانەوە یان کشانەوە لە رێککەوتنە ئەۆتۆمییەکەى لەگەڵ وڵاتانى ئەوروپا.
لە کۆتایى مانگى رابردوو وڵاتانى ئەوروپا بڕیاریداندا چەند رێوشوێنێکى ئابورى بۆ هاوکاریکردنى ئێران بخەنە بوارى جێبەجێ کردنەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو بەڵێنانە بە ئێران دراون جێ بەجێ نەکراون، بۆیە لەئێستادا دەسەڵاتدارانى ئێران داواى جێبەجێکردنى بەڵێنەکان لە ئەوروپا دەکات.
هاوکات بڕیارە نوێنەرى هەریەکە لە وڵاتانى بەریتانیا و چین و روسیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا لە ڤییەنا لەگەڵ نوێنەرى ئێراندا کۆببنەوە و لەبارەى چارەنوسى رێککەوتنەکەوە گفتوگۆ بکەن.
نوێنەرەکەى ئێران لە ڤییەنا، باسى لەوە کردوە ئەگەر بە ئەنجامێکى دڵخۆشکەرەوە لە کۆبوونەوەکە بچنە دەرەوە ئەوا کۆبوونەوەى وەزیرانى دەرەوەى ئەو وڵاتانە رێکدەخەن، بەڵام وەک خۆى ئاماژەى پێکردوە هەرچەندە ئەوان گەشبین نین بە گەیشتن بە ئەنجامێکى باش لە کۆبوونەوەکە، بەڵام بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ مانەوەى رێککەوتنە.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە لەسەرەتاى ئەم مانگە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا کشانەوەى ئەمریکاى لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران و راگەیاند و دواتر ١٢ مەرجی ئاشکراکرد بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵیدا بە مەبەستی سنوردارکردنی زیاتری پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە. هەرچەندە سەرۆکى ئەمریکا ئاماژەى بەوە کرد مانەوەى وڵاتانى ئەوروپا لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە تەنیا کات کوشتنەو دەرفەت دانە بە ئێران، بەڵام وڵاتانى ئەوروپا دڵنیاییان دایە ئێران کە پابەند دەبن بە ڕێککەوتنەکەوە.
Your Comment