کوردپرێس- ئاژانسى رۆیتەرز بڵاوی کردەوە، کۆمپانیای رۆسنەفتى ڕووسی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم گرێبەستێکیان بۆ پەرەپێدانى غازى سروشتى هەرێم و ڕاکێشانى بۆرییێک بۆ گواستنەوەى غازەکەى ئیمزا کرد.
ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەش کردووە، گرێبەستەکە لە سان پتروسبێرگ ئیمزا کراوە، گرێبەستەکەش دەبێتە هۆى فراوانکردنى کارەکانى کۆمپانیاکە لە هەرێمى کوردستان و لەسەر ئاستى جیهانیش یەدەگى کۆمپانیا ڕوسییەکە لە غازى سروشتى زیاتر دەکات.
بەپێى گرێبەستەکە سەرەتا کۆمپانیاى ڕۆسنەفت کاری ئەندازیاری و نەخشەسازى بۆ ڕاکێشانی بۆرییەکە دەکات، بەڵام ئاماژە بەوە نەکراوە بۆرییەکە بۆ چ وڵاتێک رادەکێشرێت.
ئیمزاکردنی ئەو گرێبەستە لەکاتێکدایە تا ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ زانیارییێکی لەسەر ئەو گرێبەستە بۆ رای گشتی ئاشکرا نەکردووە
ئەوەش لەکاتێکدایە لە مانگى حوزەیرانى ساڵى ٢٠١٧دا کۆمپانیاى ڕۆسنەفت و حکوومەتى هەرێم گرێبەستێکیان بۆ پەرەپێدانى پێنج کێڵگەى نەوتى هەرێم ئیمزا کرد و بەپێى گرێبەستەکە داهاتى نەوتى ئەو کۆمپانیانە بەسەر هەردوولادا دابەشدەکرێت.
هەر بەپێی ئەو گرێبەستە کۆمپانیا ڕوسییەکە تا ساڵی ٢٠١٩ کڕیاری نەوتی هەرێم دەبێت کە نەوتی خاوی هەرێم ڕەوانەی ئەڵمانیا دەکات بۆ پاڵاوتنی لە پاڵاوگەکانی تایبەت بە کۆمپانیای ڕۆسنەفت.
لەکاتی گرێبەستەکەی ساڵی رابردووشدا بەڕێوەبەری کۆمپانیای رۆسنەفت رایگەیاند، کۆمپانیایەکەیان پێشەکى پارە دەداتە حکوومەتى هەرێم و لەو چوارچێوەشەدا دوو ملیار دۆلاریان داوەتە حکوومەتی هەرێم.
کۆمپانیای روسنەفت، کۆمپانیایێکی حکوومیی نەوتی رووسیایە و ساڵی ١٩٩٣ دامەزراوە و لە بوارەکانی دۆزینەوە و پاڵاوتنی نەوت کار دەکات کە نزیکەی ٢٠ هەزار کارمەند تیایدا کار دەکات، رۆژانەش زیاتر لە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت.
Your Comment