بەپێی هەواڵی کوردپرێس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا قسەی کردووە دەربارەی ئەو پێشێلکارییانەی کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا ڕووی داوە لە هەندێک لە ناوچەکان، لەسەرووی هەمووشیانەوە لە پارێزگاری کەرکووک.
ئاقسوی جەختی کردووە ڕاپۆرتی چاودێران جەخت لەو پێشێلکارییانە دەکەنەوە.
ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆلو لە زاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە بڵاوی کردەوە، ئەنجامدانی ڕێوشوێنی پێویست و بەدواداچوون لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەبارەت بە پێشێلکارییەکان، دەبێتە هۆی ڕەواندنەوەی گومانەکان لەسەر شەرعیەتی هەڵبژاردنەکان.
لە بەشێکی تری وتەکانیدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا جەختی کردەوە، گرنگە لێکۆڵینەوە بکرێت لەو پڕوپاگەندانەی کە دەکرێت سەبارەت بە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی کەرکووکدا، ئەویش لە پێناو سەلامەتی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان کە بڕیارە لە ٢٢ کانوونی یەکەمی داهاتوودا بەڕێوە بچێت.
ئەو وتانەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەربارەی هەڵبژاردنەکانی عێراق و بە تایبەت پارێزگای کەرکووک لە کاتێکدایە، عەرەب و تورکمانەکانی ئەو شارە نیگەرانن لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و پێیانوایە ساختەکاری تێدا کراوە.
ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بووەتە مایەی بەرپاکردنی نیگەرانی و ناکۆکییەکی فراوان لەو وڵاتەدا سەبارەت بە بوونی ساختەکاری لە هەڵبژاردنی ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگەدا.
سەرچاوە: ئێن ئاڕ تی
Your Comment