ژیانی سەدان كۆچبەری كورد لە مەترسیدایە

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- هۆشداری لە دۆخی سەدان كۆچبەری كورد لە گرتوخانەیێكی توركیا دەدرێت كە ژنی سكپڕ و منداڵی ساوای تێدایە، سەرپەرشتیاری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانیش رای‌دەگەیێنێت:"هەردوو حكوومەتی هەرێم و عێراق بێ وەڵامن".

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس ئاری جەلال، سەرپەرشتیاری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراق لە هەرێمی كوردستان، بە SNNی راگەیاند: ژمارەیێكی زۆر كۆچبەری كورد كە ژمارەیان نزیكەی 500 كەس دەبێت و دانیشتووی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانن، لە گرتووخانەكانی (غازی عەنتاب)ی توركیا بەند كراون.

ناوبراو وتیشی: "دۆخی ئەو كۆچبەر كوردانە كە ژنی سكپڕ و منداڵی ساواشیان تێدایە، زۆر خراپە و نزیكەی دوو مانگە بەند كراون بە بێ ئەوەی هیچ لایەنێكی پەیوەندیدار هەواڵیان بپرسێ بەدواداچوونیان بۆ بكات".

راشی‌گەیاند: بەپێی بەدواداچوونەكانمان لە ڕووی نانخواردنەوە دۆخی ئەو كۆچبەرانە زۆر خراپە و فشاری دەروونی قورسیان لەسەرە و تەنانەت دووچاری لێدانیش بوونەتەوە، لە زیندانیش پێیان وتوون "ریفراندۆم دەكەن.. ئەوە ئەنجامەكەیەتی".

بە وتەی ئاری جەلال، بەپێی یاسا دەبێت حكوومەتی عێراق نووسراوی رێگەپێدان بۆ ئەو پەنابەرە كوردانە بكات بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە خاكی عێراق، بەڵام بەغدا نا مرۆڤانە مامەڵە لەگەڵ كۆچبەرانی كورد دەكات و هیچ مامەڵەیێكیان بۆ رایی ناكات و وەڵامیان ناداتەوە.

سەرپەرشتیاری فیدراسیۆنەكە وتیشی: "لە بارەی ئەو كۆچبەرانەوە لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی هەرێم قسەمان كردوووە و لە وەڵامدا وتویانە بڕۆن لە ڕێگەی پەیوەندی تایبەتی خۆتانەوە چارەسەری بكەن، ئەمە جگە لەوەی حكوومەتی عێراقمان ئاگادار كردۆتەوە، بەڵام هیچ كامیان لەسەر ژیانی ئەو هاوڵاتییە كوردانە نەهاتوونەتە وەڵام".

ئاری جەلال باس لە كێشەیێكی دیكەی ئەو كۆچبەرانە دەكات و رای‌گەیاند: كە لە توركیاوە دیپۆرتی عێراق دەكرێنەوە، جارێكی تر لە فڕۆكەخانەی بەغدا كێشەیان بۆ دروست دەكرێت و بەند دەكرێنەوە و داوای كەفیلیان لێ دەكرێت كە دەبێت كەفیلەكەش دانیشتووی بەغدا بێت.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News ID 14647

Your Comment

You are replying to: .
captcha