بە پێی هەواڵی کوردپرێس،ڕۆژی چوارشەمە 23ی ئایار، لە حەوتەمین ڕۆژی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، سەرۆکی هەر سێ دەسەڵاتەکەی ئێران، بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی حکوومەت، ژمارەیێک لە مودیرعامەکان و چالاکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی لەگەڵ ئایەتوڵڵا خامنەیی دیداریان کرد.
ئایەتوڵڵا خامنەیی لەو دیدارەدا ئاماژەی بە مێژووی دوژمنکارییەکانی ئەمریکا بەرانبەر بە ئێران کرد و وتی: لە سەرەتای شۆڕشەوە تا ئەمڕۆ، ئەمریکا دوژمنایەتیی خۆی بۆ گورز وەشاندن لە ئێران بە هەموو شێوازێک پیشان داوە و هەموو ڕەهەندێکی سیاسی، ئابووری، سەربازی و پڕوپاگەندەی دژی ئێران بەکارهێناوە. هەموو ئەم کارانەش بۆ ڕووخاندن بووە و ئەوەش لای ئێمە دیاردەیێکی نوێ نییە.
ڕێبەری باڵای ئێران زیاتر وتی: هەموو پیلانانێکی ئەمریکا تا ئەم کاتە شکستی هێناوە؛ ئێوە کۆماری ئیسلامی بەراورد بکەن کە پاش ۴۰ ساڵ بە هەموو تواناوە خەریکە بەرەوپێشەوە دەچێتو هەموو هەوڵێکی ئەمریکا تا ئێستا شکستی هێناوە و دیسان شکست دێنێت و ئێمە لە فەشەل پێهێنانی دوژمندا گومانمان نییە و ئەوەی شارەزای مەعریفەی ئیسلامی بێت باش لەوە دەگات.
ئایەتوڵڵا خامنەیی گوتیشی: دوژمنکاریی ئەمریکا پەیوەندیی بە پرسی ئەتۆمییەوە نییە. ئێران حکوومەتێکە کە بەرانبەر بە ئەمریکا قسەی سوورە و ئاڵای ئیسلامی بەدەستەوەیە. ئەمریکا دژی ئێرانە و دەیەوێت جومگەکانی دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامی لە ناو ببات. بۆیە نەرمی نواندن لە بەرانبەر ئەمریکا، تێغی ئەو دوژمنە کول ناکات بەڵکوو بێشەرمتری دەکات؛ ئەگەر بەنیازن لەپێناو کەم کردنەوەی دوژمنایەتی شتێک بکەن باشە بەڵام ڕێگاکە ئەوە نییە کە نەرمی بنوێنن.
Your Comment