وه‌فدی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ عەبادی كۆ بووه‌وه‌

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شاندی یه‌كێتی لە بەغدا له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكی هاوپەیمانی نه‌سر كۆ بووه‌وه‌‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دوایین هەنگاوەکانی پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتووی عێراق ‌و گفتوگۆی لایه‌نه‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن کران.

میدیاکانی یەکێتیی ڕایانگەیاند: مه‌لا به‌ختیار، سه‌رۆكی شاندی یه‌كێتی به‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی راگه‌یاندووە: "تاوەکوو كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم‌ و ناوه‌ند ‌و كێشه‌كانی عێراق چاره‌سه‌ر نه‌كرێن و ده‌ستوور جێبه‌جێ‌ نه‌كرێت، ئۆقره‌یی له‌ عێراقدا نایه‌ته‌دی".

مەلا بەختیار وتیشی: "چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كه‌ركووک‌ و مادده‌ی 140‌ و جێبه‌جێ كردنی ده‌ستوور و چاره‌سه‌ركردنی بودجه‌ی هه‌رێم‌ و پێشمه‌رگه‌‌ و كێشه‌كانی دیکە ‌و مافه‌ ده‌ستووری ‌و دیموكراسییه‌كانی هەرێمی كوردستان، بنه‌مای گرنگن به‌لای یه‌كێتی-یه‌وه‌ بۆ گفتوگۆ".

لێپرسراوی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتیشی: "وه‌كوو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان له ‌هه‌وڵداین به‌ وه‌فدێكی یه‌كگرتوو و به‌رنامه‌یێكی یه‌كگرتوو، بچینه‌ نێو گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتوو".

ناوبراو هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: پێویسته‌ ده‌ستوور بنه‌ما بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ‌و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم‌ و ناوه‌ند زۆر گرنگە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 14609

Your Comment

You are replying to: .
captcha