هاوپه‌یمانێتیی نێوان چوار هاوپه‌یمانییه‌که‌ی عێراق له‌ 72 کاژێردا مومکین نییه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌ندامی هاوپه‌یمانیی نه‌سر وه‌ڵامی ئه‌ندامی هاوپه‌یمانیی حیکمه‌ ده‌داته‌وه‌ له‌باره‌ی پێکهێنانی هاوپه‌یمانییێکی چوار قۆڵی له‌ نێوان هاوپه‌یمانیی نه‌سر، فه‌تح، سائیروون و حیکمه‌ له‌ ماوه‌ی 72 کاژێر و ده‌ڵێت هاوپه‌یمانێتیی نێوان ئه‌و چوار هاوپه‌یمانییه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا مومکین نییه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، عه‌بدولعه‌باس شیاع به‌ هه‌واڵده‌ریی "الاتجاه‌پرس"ی وت: پێکهێنانی هاوپه‌یمانێتیی نێوان هاوپه‌یمانیی نه‌سر به‌ سه‌رکردایه‌تیی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیران، ڕه‌وتی حیکمه‌ به‌ سه‌رکردایه‌تیی سه‌یید عه‌مار حه‌کیم، فه‌تح به‌ سه‌رکردایه‌تیی هادی عامری و سائیروون به‌ سه‌رکردایه‌تیی موقته‌دا سه‌در له‌ ماوه‌یێکی که‌م پاش ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن مومکین نییه‌ چوونکه‌ ئه‌و شته‌ی که‌ ئێستا له‌ نێوان قه‌باره‌ سیاسییه‌کان ڕوو ده‌دات ڕێککه‌وتنی سه‌ره‌تایییه‌.

ناوبراو ده‌شڵێت: پاش به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی 2018 له‌ عێراق دوو قۆناغی دیکه‌ش له‌ به‌رده‌م ئه‌م وڵاته‌یه‌ که‌ قۆناغی یه‌که‌م پێکهێنانی گه‌وره‌ترین فراکسیۆنی په‌رله‌مانییه‌ که‌ قۆناغێکی دژوار و گرینگه‌ و قۆناغی دووهه‌م دروست‌کردنی که‌شێکی گونجاو بۆ ڕێککه‌وتن و سازشی نێوان تێکڕای حیزبه‌ سیاسییه‌کان له‌ عێراقه‌.

شایانی باسه‌؛ پێشتر محه‌مه‌د مه‌یاحی وته‌بێژی ڕه‌وتی حیکمه باسی‌ له‌ هاوپه‌یمانێتیی نێوان هاوپه‌یمانیی نه‌سر، فه‌تح، سائیروون و حیکمه‌ له‌ ماوه‌ی 72 کاژێردا کردبوو.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 14594

Your Comment

You are replying to: .
captcha