سه‌در مه‌رجه‌كانی بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتووی عێراق ڕاگه‌یاند

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- موقته‌دا سه‌در سه‌رۆكی ڕه‌وتی سه‌در ڕای‌گه‌یاند پێویسته‌ له‌سه‌ر حكوومه‌تی داھاتوو دادپه‌روه‌ریی بونیاد بنێت و خۆشگوزه‌رانی بۆ ھاووڵاتییان فه‌راهه‌م بكات نه‌وه‌ک خه‌ریكی بونیادنانی كۆشک و ته‌لار بێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، قسه‌كانی سه‌در له‌ میانی په‌یامێک بوووه‌ ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی به‌پێی ئه‌نجامی كۆتاییی ھه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كه‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی ھه‌ڵبژاردنه‌كان ڕای‌گه‌یاندوووه‌ ھاوپه‌یمانیی سائیرون به ‌سه‌رۆكایه‌تیی موقته‌دا سه‌در له‌ كۆی ٣٢٩ كورسیی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ٥٤ كورسی به‌ده‌ستھێناوه‌ و دوای ئه‌و ئیئتلافی فه‌تح به ‌سه‌رۆكایه‌تیی ھادی عامری دێت كه‌ ٤٧ كورسی مسۆگه‌ر كردوووه‌ و ئیئتلافی نه‌سر به ‌سه‌رۆكایه‌تیی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران ٤٢ كورسی به‌ده‌ستھێناوه‌ و ڕه‌وتی حیكمه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تیی عه‌ممار حه‌كیم بوووه‌ته‌ خاوه‌نی ١٩ كورسی.

موقته‌دا سه‌در ڕاشی‌گه‌یاند: "نا بۆ گه‌نده‌ڵی، نا بۆ حیزبایه‌تی ‌و نا بۆ ده‌نگی ته‌قه‌كردن، ده‌بێت ده‌نگی گوللـه‌ نه‌مێنێت و ھاواری شه‌ڕیش راوه‌ستێت."

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانیی سائیرون زۆربه‌ی كورسییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی به‌ده‌ستھێناوه‌ به‌ڵام به‌ ته‌نھا ناتوانێت حكوومه‌تی داھاتوو پێكبھێنێت بۆیه‌ پێویستی به‌ به‌ستنی ھاوپه‌یمانییه‌تییه‌ له‌گه‌ڵ قه‌واره‌ براوه‌كانی دیكه‌ تا بتوانێت حكوومه‌تی داھاتوو پێكبھێنێت.

به‌پێی ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یێنراوه‌ كه‌ موقته‌دا سه‌در ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی ده‌بێت له‌ پێكھێنانی حكوومه‌تی داھاتوودا به‌ تایبه‌تیش له‌ ھه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک وه‌زیران.

موقته‌دا سه‌در ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: كار له‌سه‌ر پێكھێنانی حكوومه‌تێكی نوێ ته‌كنۆكرات ده‌كات كه‌ دوور بێت له‌ حیزبایه‌تی و تایفی.

سه‌رچاوه‌: شارپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 14532

Your Comment

You are replying to: .
captcha