لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا لە واشنتۆن پۆمپیۆ ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ستراتیژێکی نوێ لە بەرامبەر تاراندا دەگرێتەبەر، چوونکە چەند بڕگەیێکی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە تەنها ئێرانی دواخستووە تا ساڵی ٢٠٢٥ بۆ ئەوەی نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، دوای ئەو مێژووە ئێران ئازادە لەوەی چەکی ئەتۆمی بە دەست بهێنێت، کە دیارە ئەوەش دەبێتە هۆی پێشبڕکێیێکی خۆپڕچەککردن لە ناوچەکە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوانەی کە پشتیوانییان لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە دەکرد، پڕوپاگەندەی ئەوەیان دەکرد کە دوای ئیمزاکردنی ئەو ڕێککەوتنە، ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست خاڵی دەبێت لە چەکی ئەتۆمی و بەرقەرارتریش دەبێت لە جاران، بەڵام لە ڕاستیدا هیچ کام لەوانە ڕوویان نەدا بەڵکوو ئێران دۆخەکەی بە هەل زانی و دوژمنایەتی و بەکارهێنانی سەرمایەی خۆی بۆ دروستکردنی ئاڵۆزی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاتر کرد.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەڵێنی ئەوەشیدا کە ئێران خۆی رووبەڕووی توندترین سزا دەکاتەوە ئەگەر بگەڕێتەوە بۆ چالاکییە ئەتۆمییەکانی.
ناوبراو جەختیشی کردەوە ئەمەریکا ١٢ داخوازیی لە ئێران هەیە کە بریتین لە:
ئاشکراکردنی تەواوی رەهەندە سەربازییەکانی سیستمی ئەتۆمی و ڕێگەدان بە ئاژانسی جیهانیی وزەی ئەتۆم کە بەردەوام پشکنینی دامەزراوەکانی ئێران بکات.
وەستاندنی پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم و دەستبەرداربوون لە چارەسەرکردنی مادەی پلۆتۆنیۆم و داخستنی ئەو وێستگە ئەتۆمییەی کە بە ئاوی قورس کار دەکات.
پێویستە ئێران ڕێگە بدات بە ئاژانسی جیهانیی وزەی ئەتۆم بە گەیشتن و سەردانیکردنی سەرجەم دامەزراوە ئەتۆمییە سەربازی و مەدەنییەکان.
پێویستە ئێران سنوورێک دانێت بۆ بڵاوبوونەوەی موشەکی بالیستی و ئاڕاستەکردنی ئەو موشەکانەی کە دەکرێت کڵاوەی ئەتۆمی هەڵبگرێت.
ئازادکردنی سەرجەم هاووڵاتییە زیندانیکراوەکانی ئەمریکا و هەموو هاووڵاتیانی دەوڵەتانی هاوپەیمان.
وەستاندنی پشتیوانی ئەمریکا بۆ گرووپە "تیرۆریستییەکان" لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وەک حزبوڵا و هەردوو بزوتنەوەی حەماس و جیهادی فەلەستینی.
ڕێزگرتن لە حکوومەتی عێراق و ڕێگەدان بە داماڵینی چەکی میلیشیا شیعەکان.
وەستاندنی کۆمەک و هاوکاریکردنی چەکدارە حوسییەکان لە یەمەن و کارکردن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی لە یەمەن.
کشاندنەوەی سەرجەم ئەو هێزانەی کە دەچنە ژێرفەرمانی ئێرانەوە لە سووریا.
ڕاگرتنی کۆمەک بە فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران و هاوبەشەکانی تری.
پێویستە لەسەر ئێران هەڵسوکەوتی خۆی بگۆڕێت لەگەڵ دراوسێکانی، کە زۆربەیان هاوپەیمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکان.
لە بەرامبەر هەموو ئەوانەشدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئامادەیی خۆی نیشان داوە بۆ هەڵگرتنی سزاسەپێنراوەکانی سەر تاران.
پۆمپیۆ لە وتەکانیدا زیادی کرد: ئەگەر ئێران ئەو ١٢ خاڵەی جێبەجێ نەکرد، ئەوا دەبێت بەدەست ئابڵووقەی ئابوورییەوە بناڵێنێت.
ئەوە لە کاتێکدایە ڕۆژی ٨ ئەم مانگە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەمریکا، کشانەوەی وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی لەگەڵ ئێراندا ڕاگەیاند.
لە دوای کشانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە لەگەڵ ئێراندا، لێدوانەکانی نێوان هەردوو وڵات بە ئاڕاستەی توندتر هەنگاویان ناوە، بە تایبەت لە دوای ڕاگەیاندنی کشانەوەکە لە ڕێککەوتنەکە، بەشێوەیێکی نیمچە ڕۆژانە لێپرسراوە باڵاکانی ئەمریکا هێرشی توند دەکەنە سەر ئێران و تارانیش بەردەوام دەڵێت بە هیچ شێوەیێک ئامادە نییە بچێتە ژێر هەژموونیی واشنتۆنەوە.
Your Comment