بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شارەزای سیاسی و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان سالار مەحموود لە نووسینێکدا بەناونیشانی "بایکۆتی هەڵبژاردنی عێراق هەڵەیە" باسی لەوە کردووە، "دوای 17 ساڵ لە پرۆسەی سیاسی نوێی عێراق، هێشتا بەغدا قووڵایی ستراتیژی و ناوکی ململانێی کوردستانە، بۆ بەدیهێنانی مافە دەستووری و نیشتمانیەکانی کورد لە کوردستانی عێراق".
ئاماژەی بەوەش کردووە، بە ئەزموون دەرکەوتووە هەر پێکهاتەیێک کارتی بایکۆت و بەشداری نەکردنی لە پرۆسەی هەڵبژاردن و نووسینەوەی دەستوور و بایکۆتی یاساکانی کردبێ، هەم زیانی بەرکەوتووە، هەم بە دەستبەتاڵی چووەتەوە بازنەی پرۆسەکەوە، "نموونەی بایکۆتی سونەکان لە نووسینەوەی دەستوور و بەشداری نەکردن لە حوکم لە قۆناغێکدا تا ئێستا بارو پێگەی سونەی ناسەنگ کردووە و بۆیان راستنابێتەوە".
سالار مەحموود باسی لەوەش کردووە، "کورد جگە لە هەڵە بەکارهێنانی کارتی ریفراندۆم لەناکاتدا، لە زۆربەی قۆناغەکان توانیویەتی یاریکەرێکی سەرەکی بێت، سەرەڕای پەرتی و نەبوونی یەک تیمی، لە ئێستاشدا بەردەوامی دان بە گفتوگۆ لەگەڵ ناوەند بژاردەی باشترینە بۆ چارەسەری کێشەکان".
لەبارەی بایکۆتی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، نووسیوویەتی، "بیرۆکەی بایکۆتی هەڵبژاردنی ئایندە هەڵەیێکی سیاسیە، ئەوانەی ئەم باڵۆنە هەڵدەکەن پێویستە بژاردەی بەدیلیش بخەنەڕوو".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment