دوایین زانیاری له‌سه‌ر شێوازی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- کۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسیی هه‌رێم ڕێکاره‌کانى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى په‌سه‌ند کرد و سێ بژارده‌شى تاوتوێ کرد بۆ چۆنیه‌تیی ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، وته‌بێژى کۆمیسیۆن ده‌ڵێت ئه‌و سێ بژارده‌یه‌ بریتین له‌وه‌ى هه‌ڵبژاردن به‌شێوازى کۆن ئه‌نجام بدرێت یان به‌ سیسته‌مى ئه‌لیکترۆنى یان هه‌ر دوو شێوازه‌که‌ پێکه‌وه‌ په‌یڕه‌و بکرێت به‌ڵام هێشتا یه‌کلا نه‌بوونه‌ته‌وه‌ که‌ کامیان هه‌ڵده‌بژێرن.

بڕیاره‌ کۆمیسیۆن ئه‌و سێ بژارده‌یه‌ بخاته‌ به‌رده‌م لایه‌نه‌کان و پێکه‌وه‌ بڕیار له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنى یه‌کێکیان بده‌ن، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌و ناڕه‌زایییانه‌ى له‌سه‌ر سیسته‌مى ئه‌لیکترۆنى سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ به‌هۆى به‌کارهێنانى له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراقدا.

کۆمیسیۆن که‌ ئاماده‌کارییه‌کانى بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌ست پێکردوووه‌ داواى دابین کردنى بودجه‌یێک ده‌کات به‌ بڕى ٢٣ ملیۆن دۆلار بۆ پێداویستى و ئاماده‌کارییه‌کانى هه‌ڵبژاردن و تا ئێستاش ١٠ ملیۆن دۆلار له‌لایه‌ن حکوومه‌ته‌وه‌ خراوه‌ته‌ سه‌ر حسابی بانکى کۆمیسیۆن.

له ‌ئه‌گه‌رى بڕیاردان له‌سه‌ر سیسته‌مى ئه‌لیکترۆنى پێویسته‌ په‌رله‌مان یاساى هه‌ڵبژاردن هه‌موار بکاته‌وه‌ چوونکه‌ به‌پێی یاساکه‌ى ئێستا ده‌بێت به‌ سیسته‌مى کۆن و به‌ شێوه‌ى ده‌ستى هه‌ڵبژاردن به‌رێوه‌ بچێت و ده‌نگه‌کان جیا بکرێنه‌وه‌.

هه‌ر له‌وباره‌وه‌ ئه‌ندامێکى په‌رله‌مانی کوردستان ده‌ڵێت: پێویسته‌ به ‌سیسته‌مه‌ كۆنه‌كه‌ هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانیش پێكه‌وه‌ بكرێت.

ڕۆژی 8ی ئه‌م مانگه‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکى حکوومه‌تى هه‌رێم له‌ مه‌رسوومێکدا ڕۆژى ٣٠ ئه‌یلولى ئه‌مساڵى دیاری کرد بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان و هه‌فته‌ى ڕابردووش له‌ کۆنگره‌یێکى ڕۆژنامه‌وانیدا ڕای‌گه‌یاند ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌کان ڕێکبکه‌ون ئاماده‌ن هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌کان پێکه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێن.

سه‌رچاوه‌: ئێن ئاڕتی

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 14458

Your Comment

You are replying to: .
captcha