بهپێی ههواڵی کوردپرێس، دەقى راگەیەنراوەکە:
هاووڵاتییانی کوردستان
گۆڕانخوازان
ئێوە لە رۆژی ١٢ی مانگ لە پرۆسەیێکی دیموکراسیدا و لە رێگای دەنگەکانتانەوە سزای دەسەڵاتە شکستخواردوو تاڵانچی و خاکفرۆشەکانی کوردستانتان داو لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا متمانەتان دا بە بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵام دەسەڵاتدارانی کوردستان ئامادە نەبوون ئەنجامی هەڵبژاردنەکان وەک ئەوەی ئێوە نەخشانتان قبووڵ بکەن، بۆیە پەنایان بۆ تەزویرێکی ڕێکخراو و گەورە برد بۆ لەباربردنی پرۆسەی سیاسی لە کوردستانو گێڕانەوەی کوردستان بۆ سەردەمە نەخوازراوەکان، هەر بەوە نەوەستانو شەوی رابردوو چەکدارەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەو چەکانەی کە دەبوو بەرگری لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان بکەن پەلاماری مەکۆی سەرەکیی بزوتنەوەی گۆڕان یان دا، ئێمە لە کاتێکدا بە توندی ئیدانەی ئەو پەلامارە دەکەین و پێمان وایە ئەو جۆرە رەفتارانە خەباتی مەدەنی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی لەم هەرێمە دەخاتە بەردەم هەڕەشە و مەترسییەوە، لە هەمان کاتدا سوپاسی هەموو ئەو دڵسۆزانە دەکەین کە دوای پەلامارەکەی شەوی رابردوو هاتنە گردی زەرگەتە و ئامادە بوون بە گیانی خۆیان بەرگری لە مەکۆی سەرەکیی بزوتنەوەی گۆڕان بکەن.
ئێمە لە بزووتنەوەی گۆڕان سەرتاپای ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنە لە پارێزگاکانی هەرێم و کەرکووک و هەندەران رەت دەکەینەوە و بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی، هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، یەکگرتووی ئیسلامی، حیزبی شیوعی کوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامی رێکاری یاسایی و هەوڵی سیاسی دەگرینەبەر، هەروەها هاووڵاتییانی کوردستان و دەنگدەرانی بزووتنەوەی گۆڕان دڵنیا دەکەینەوە کە بە هیچ شێوەیێک سازش لە سەر دەنگەکانیان ناکەین و مافەکانیان بۆ دەگێڕینەوە و هەموو بژاردەیێکیش لە بەردەم بزووتنەوەی گۆڕاندا کراوەیە.
لە کۆتاییدا سوپاسی هەڵوێستی جوامێرانەی سەرجەم هەڵسوڕاو و گۆڕانخواز و دەنگدەران دەکەین کە لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا ماندوونەناسانە شەو و رۆژ کاریان بۆ سەرخستنی لیستەکانی بزوتنەوەی گۆڕان کرد لە پارێزگاکانی هەرێمو کەرکووک و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان، هەموان دڵنیا دەکەینەوە کە گۆڕان ئیرادەیێکی بەردەوامە و سەرکەوتن بۆ خەڵکی کوردستانە.
سهرچاوه: خهندان
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment