بەربەستەکانی بەردەم جێبەجێ کردنی یاسای چاکسازی لە هەرێمی کوردستان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سکرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێ کردنی یاسای چاکسازی رایدەگەیەنێت پرۆسەی چاکسازی لە چەند بوارێکدا هەنگاوی باشی بڕیووە بەڵام قەیرانی دارایی بەربەستی بۆ هەنگاوەکانمان دروست کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەبدولحەکیم خەسرەو سکرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێ کردنی یاسای چاکسازی لە لێدوانێکیدا بۆ SNN رایگەیاند: پرۆسەی چاکسازی هەنگاوی باشی بڕیووە لە بواری باج، پرسی نەوت، هەروەها لە بواری ئابووریدا تەقریبەن هەنگاوی باشی بڕیووە، لە بابەتی زیاد کردنی داهات و کەم کردنەوەی خەرجی و پێداچوونەوە بە خەرجییەکان.

سەبارەت بە پاک کردنەوەی وەزارەتەکان لە مووچەی بندیوار، عەبدولحەکیم خەسرەو وتی: ئەوەی کە پەیوەستە بە یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە ئەمە تەنیا پەیوەستە بە پێداچوونەوە بە مەلەفی فەرمانبەران و دووبارە رێکخستنەوەی میلاکی هێزەکانی پێشمەرگە و رێکخستنەوەی پلەبەندییەکان لە ئاستی وەزارەتەکان، ئێمە پێشتر کۆمەڵێک پەیڕەومان دەرکردبوو بە ڕاپۆرتێکی تەواو ئاڕاستەی پەرلەمانمان کردبوو.

سکرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێ کردنی یاسای چاکسازی وتیشی: پێداچوونەوە بە مەلەفی فەرمانبەران، لە گشت وەزارەتەکان قۆناغی باشی بڕیووە و هەماهەنگی باش هەیە لەگەڵ دەستەی دەستپاکی و دیوانی چاودێری دارایی و ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی جێبەجێ کردنی هەنگاوەکانی، هاوکات ئەوەی پەیوەستە بە زیادە میلاک کە لە گشت وەزارەتەکان هەیە، ئەمە پرۆسەیەکە لە چوارچێوەی بڕیاری ژمارە 33 کاری پێدەکرێت لە ئیعادەی هەیکەلی وەزارەتەکان،لێرەدا سوودمان لە تۆماری بایۆمەتری بینیوە.

سەبارەت بە پرۆسەی بایۆمەتری کە لەلایەن جێگری سەرۆکی حکوومەت و فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری و لیژنەی بایۆمەترییەوە سەرپەرشتی دەکرێت، عەبدولحەکیم خەسرەو وتی: ئێستا ئەپدەیت لە قۆناغی دووەمی پرۆسەی بایۆمەتری دەکرێت و بە میلاکی گشتی دەبەسترێتەوە.

دەربارەی دروست کردنی هێزێکی هاوبەش بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی مەرزەکان وتی: قۆناغی دیراسەکردنی تەواوبووە، مەبەست لە دروست کردنی ئەم هێزە ئەوەیە بە یەک سیستەم و ئالیەت مامەڵە لەگەڵ مەرزەکان بکرێت، پێداچوونەوە بەو خزمەتگوزاریانە بکرێت کە لە دەروازە سنووریییەکان لەلایەن کۆمپانیاکانەوە جێبەجێ دەکرێت، تەنانەت داهاتەکەی.

سکرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێ کردنی یاسای چاکسازی وتیشی: قەیرانی دارایی، کۆرۆنا و دەوامی فەرمانگەکان بەربەست بووە لەبەردەم هەنگاوەکانی چاکسازی بەڵام ئێمە لە هەنگاوەکانمان بەردەوامین.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1420

Your Comment

You are replying to: .
captcha