به‌ دوای هه‌ڵبژاردنی عێراق ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ دژ به‌ گرووپه‌ تیرۆریستییه‌کان ئه‌نجام ده‌ده‌ین

به‌شی تورکیا- مه‌ولوود چاووش ئۆغڵۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا ڕای‌گه‌یاند: به‌ دوای هه‌ڵبژاردنی عێراق ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ دژ به‌ گرووپه‌ تیرۆریستییه‌کان ئه‌نجام ده‌ده‌ین.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، مه‌ولوود چاووش ئۆغڵۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا له‌ دیدار له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌وانانی عه‌ره‌ب له‌ ئه‌سته‌نبۆڵ ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: ئه‌گه‌ر نه‌توانین بۆ قه‌یرانی سووریا له‌ سنووره‌کانمان ڕێچارێک بدۆزینه‌وه‌ شه‌ڕه‌کانمان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر ناته‌واو و ناسه‌رکه‌وتوووانه‌ ده‌بێت. ئه‌گه‌ر ئه‌م قه‌یرانه‌ چاره‌سه‌ر نه‌کرێت نیگه‌رانییه‌کان سه‌باره‌ت به‌ سه‌قامگرتوویی له‌ وڵات، توندوتیژی، شه‌ڕی ناوخۆیی و شه‌ڕی نێوان هاووڵاتییان درێژه‌ی ده‌بێت به‌ تایبه‌ت ئه‌وه‌ی که‌ بۆ سه‌رهه‌ڵدانی تیرۆریستان که‌شێک دروست ده‌بێت. ئێمه‌ وه‌ک تورکیا گرینگی به‌ چاره‌سه‌رکردنی سیاسیی قه‌یران ده‌ده‌ین و له‌و ڕێبازه‌شدا کار ده‌که‌ین. تورکیا زیاترین کارتێکه‌ری له‌ دانووستانی ئه‌ستانه‌، ژێنێڤ و سووچی بوووه‌. ئێمه‌ به‌ ئاماده‌بوون له‌ هه‌ر سێ دانیشتن هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌ تێکڕای ڕۆڵگێڕانی قه‌یرانی سووریا تێبگه‌ین. بۆ تورکیا له‌ چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانی سووریا هه‌ر فاکته‌رێک هه‌یه‌ و ئه‌ویش پاراستنی سه‌روه‌ری، ئاشتی، سه‌قامگرتوویی و یه‌کده‌نگی سووریایه‌ و ئه‌و بیر و باوه‌ڕه‌ عێراقیش له‌خۆ ده‌گرێته‌وه‌.

ناوبراو له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌کانیدا جه‌ختی کرده‌وه‌: له‌ عێراق کارێکی هه‌ڵه‌ بۆ ڕیفراندۆم ئه‌نجام درا و به‌ره‌وڕووی شکستیش بوویه‌وه‌. ئه‌مڕۆ له‌ عێراق هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، ئینشائه‌ڵڵا ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌قامگرتوویی بۆ عێراق بهێنێته‌دی. پاراستنی سه‌روه‌ریی عێراق گرینگایه‌تییێکی زۆری هه‌یه‌. هه‌ر دوو وڵاتی عێراق و تورکیا ناچارن درێژه‌ به‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر بده‌ن چوونکه‌ له‌ هه‌ر دوو وڵات ناتوانین بڵێین که‌ گرووپه‌ تیرۆریستییه‌کان به‌ ته‌واوه‌تی له‌ ناو چوونه‌. له‌ هه‌ر دوو وڵات PKK/YPG، داعش و دیکه‌ی گرووپه‌ تیرۆریستییه‌کان هه‌ن. به‌ دوای هه‌ڵبژاردنی عێراق به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر به‌ شێوه‌ی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ین. نۆژه‌ن کردنه‌وه‌ی دووباره‌ی عێراق گرینگایه‌تیی زۆری هه‌یه‌. بۆ یارمه‌تی گه‌یاندن به‌ نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی عێراق به‌ڵێنمان داوه‌ 5 میلیارد دۆلار به‌و وڵاته‌ بده‌ین. به‌ دوای ئه‌وه‌ی که‌ تیرۆر له‌و وڵاته‌ به‌ ته‌واوه‌تی پاک کرایه‌وه‌ کۆمپانیا تورکییه‌کان له‌ نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی عێراق زیاترین ڕۆڵ ده‌گیڕن.

سه‌رچاوه‌: هه‌واڵده‌ریی دۆغان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 14097

Your Comment

You are replying to: .
captcha