نووری مالیکی: له‌سه‌رمانه‌ پێبه‌ندی ڕێکاره‌ یاسایییه‌کان بین

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- نووری مالیكی سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تی یاسا ڕای‌گه‌یاند: "نییه‌تێكی ڕاسته‌قینه‌ هه‌یه‌ بۆ یاری كردن به ‌ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق بۆیه‌ له‌سه‌رمانه‌ پابه‌ندی ڕێکاره‌ یاسایییه‌کان بین."

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ شه‌ممه 12ی ئایار‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ده‌ستی پێكرد و له‌ كۆنگره‌یێکی ڕۆژنامه‌نوسیدا نووری مالیكی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی ده‌وڵه‌تی یاسا ڕای‌گه‌یاند: من له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان نه‌كشاومه‌ته‌وه ‌و ئێستا ده‌نگم دا و ده‌نگیشم به‌ خۆم دا.

نووری مالیكی ده‌شڵێت: هه‌ڵبژاردن عێراق ده‌باته‌ قۆناغێكی نوێوه‌ بۆیه‌ له‌سه‌رمانه‌ پابه‌ندی رێكاره‌ یاسایییه‌كان بین‌و ده‌بێت پابه‌ندی به‌ڵگه‌نامه‌ی شه‌ره‌فی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوووه‌كان بین.

نووری مالیكی داواشی كرد كه‌ كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ڕێگری له‌و هه‌وڵه‌ بكه‌ن كه‌ ده‌یه‌وێت "ساخته‌كاری" له‌ هه‌ڵبژاردن ‌و "یاری كردن" به‌ ئه‌نجامه‌كانییه‌وه‌ بكات.

نوری مالیكی ئاشكراشی كرد: هه‌ڵبژاردن شه‌ره‌فه‌ و پێویسته‌ سه‌رجه‌م هاووڵاتییان به‌شدار بن.

ناوبراو ئاشكراشی كرد له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان درۆی زۆر گه‌وره‌ به‌ نێوی ئێمه‌وه‌ ده‌كرێت‌ و نیگه‌رانیشم له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی ده‌نگدانی ئه‌لیكترۆنی هه‌یه‌.

نووری مالیکی ڕوونیشی کرده‌وه‌ گوشار له‌سه‌ر ده‌نگده‌ران هه‌یه ‌و په‌یوه‌ندییه‌كانیشمان له‌گه‌ڵ هه‌ولێر به‌ره‌و باشتر ده‌رۆِن و به‌ره‌و ئاشت بوونه‌وه‌ ده‌چین.

له ‌هه‌موو عێراقدا ٢٤ ملیۆن و ٣٤٩ هه‌زار و ٣٥٧ كه‌س مافی ده‌نگدانی هه‌یه‌ كه‌ 8 هه‌زار و ٩٥٠ ناوه‌ندی ده‌نگدانیان له ‌شار و ناوچه‌ جیاوازه‌كاندا بۆ ته‌رخان كراوه‌ و له‌ ناو ناوه‌نده‌كانیشدا ٥٥ هه‌زار و ٢٣٢ وێستگه‌ بوونی هه‌یه‌.

له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ٨٨ حزب و هاوپه‌یمانی له‌ هه‌موو عێراقدا به‌شدارن كه 6 هه‌زار و ٩٠٤ كه‌س خۆیان بۆ 329 كورسی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كاندید كردوووه‌.

به ‌مه‌به‌ستی ڕووماڵ كردنی پڕۆسه‌ی ده‌نگدان نزیكه‌ی 4 هه‌زار ڕۆژنامه‌نووسی ناوخۆیی و جیهانی له ‌ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ باجی تایبه‌تیان له ‌هه‌موو عێراقدا بۆ كراوه‌ كه‌ 329 ڕۆژنامه‌نووسیان نێوده‌وڵه‌تین.

له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا زیاتر له‌ ١٣٣ هه‌زار چاودێر و نوێنه‌ری پارته‌ سیاسییه‌كان و ٩٦٣ چاودێری نێوده‌وڵه‌تی چاودێری چۆنیه‌تیی به‌ڕێوه‌چوونی پڕۆسه‌كه‌ ده‌كه‌ن و ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ پێنجشه‌ممه‌ ده‌نگدانی تایبه‌ت به‌ڕێوه ‌چوو كه‌ له‌ كۆی 900 هه‌زار ده‌نگده‌ر له‌سه‌دا 78ی به‌شداری پڕۆسه‌كه‌ی كرد.

شایانی باسه‌؛ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق ده‌ستی پێكرد و بڕیاره‌ پرۆسه‌كه‌ش تا 6ی ئێواره‌ به‌رده‌وامی هه‌بێت.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 14059

Your Comment

You are replying to: .
captcha