کوردپرێس- ڕۆژی 8/ی ئایاری 2018 دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی ئەو وڵاتەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێرانو وڵاتانی 5 کۆ یەک ڕاگەیاند و ئەوەش کاردانەوەی فراوانی لێکەوتەوە و هەر لەو بارەیەشەوە حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە فەرمی بەیاننامەیێکی لە وەڵامی ئەو بڕیارەی سەرۆکی ئەمریکا دەرکرد.
دەقی بەیاننامەکەی لێرە بخوێنەوە:
کشانەوەی نایاساییی سەرۆکی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دواین بازنەی پێشێلکارییەکانی ئەمریکا بوو کە پێشتریش بە هەزاران جار کردوویەتی نەخوازەڵا پاش ئەوەی ئەم دەوڵەتە توندڕەوەی ترەمپ هاتە سەر دەور. قسە سووکەکانی ترەمپ و ئیدعا بێ بنەماکانی ناوبراو تەنها نیشانەی بێعەقڵی و جەهلی سەرۆکی ئەمریکا بوو و تەنها لە ڕژیمێکی وەکوو ئەمریکا دەوەشێتەوە کە بە چەواشەکارییەکانی خۆی ڕۆژهەڵاتی ناڤینی تووشی ئاژاوە و سەرلێشێواوی کردووە و پەرە بە تیرۆر و توندئاژۆیی دەدات و جێگای داخە کەشێکی سووکەسەرەی وەکوو ترەمپ سەرۆکی گەلی ئاشتیخوازی ئەمریکایە.
ترەمپ لە کاتی کێبەرکێی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا کینەی خۆی نەشاردەوەی بەرانبەر ئەو ڕێککەوتنەی هەموو جیهان وەکوو سەرکەوتنێک لە بواری دیپلۆماسییەتدا سەیریان دەکرد. بۆیە بەئاشکرا دژ بەو ڕێککەوتنە وەستا و ڕێگریی دەکرد لە جێبەجێ کردنی ئەرکەکانی ئەمریکا لە سەر بنەمای ڕێککەوتنامەکە.
ئەوەشی لەگەڵ بێت کە ڕێێکەوتنی ئەتۆمیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی 5 کۆ یەک واژۆ کراوە و ئەمریکا تەنها یەک لەو ئەندامانەی واژۆکار ڕێککەوتنەکەیە. جگە لەوەش ئەو ڕێکەوتنە لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پشتڕاست کراوەتەوە. بۆیەش ئەوڕێککەوتنە تەنها ڕێککەوتنی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لەگەڵ ئێران نییە تاوەکوو سەرۆکی نوێی ئەمریکا بە مافی خۆی بزانێت کە هەڵبوەشێنێتەوە.
هەڵبەت بێ متمانەیی و بەڵێن شکاندنی ئەمریکا تەنها بەم ڕێککەوتنەوە نەبەستراوە بەڵکوو بەردەوام فێرە بە ئیلتیزام نەکردن و پەیمان شکاندن و نموونەشی زۆرە. هەر لە پەیماننامەی کەش و هەوای فەڕەنساوە تا پەیمانی هاوکاریی ئەقیانووسی ئارام.
هەروەهاش پەیمان شکاندنی ئەمریکا جگە لەوەی متمانە لە ئەمریکا دەسێنێتەوە دەبێتە هۆی تێکچوونی باڵانسی جیهانیش و مەترسییە لە سەر کۆمەڵگەی جیهانی.
بەپێچەوانەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام ئیلتیزامی بەڕێککەوتنەکە کردووە چوونکە ئێران لە بنەمای ئایینی ئیسلامەوە فێرەی وەعدە وەفا بووە. ئەوەش نەک یەک جار بەڵکوو 11 جار لەلایەن تاکە مەرجەعی مەشرووعەوە پشتڕاست کراوەتەوە کە تاران وەفای بووە بۆ ڕێککەوتنەکە.
بۆیە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکوو ئەو وڵاتەی پێبەندی ڕێککەوتنەکە بووە پێوشوێنگریی ئەو ڕەفتارە نایاسایییەی ئەمریکا دەکات و ئەگەر بێتوو زیانەکانی ئێران لەبەر ڕێککەوتنەکەی ئەمریکا بەگوێرەی دەقی بەرجام قەرەبوو نەکرێتەوە و سوودی گەلی ئێران و بەرژەوەندیی ئەو گەلە دەق بەدەق وەکوو ئەوەی ڕێبەری باڵای ئێران لە وتەکانی 19ی گوڵاندا وتیان گەرەنتی نەکرێت بە مافی مەشرووعی خۆی دەزانێت ئەوەی بە مەسڵەحەتی دەزانێت بیکات ئەوەش وەکوو کاردانەوەی بەرانبەر. هەر بەو بۆنەشەوە دیکەی لایەنەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و بەتایبەت سێ وڵاتە ئەورووپییەکە ئەرکی سەر شانی خۆیانە پارێزگاری لەو ڕێککەوتنە بکەن و بێ هیچ مەرج و بەڵێنێک پەیمانەکانیان جێبەجێ بکەن کە تا ئێستا لە بەر تەداخولی ترەمپ نەیاندەتوانی ڕایپەڕێنن.
پێویستە جەختیش بکرێتەوە ئێران ئامادە نییە هیچ لەو مادانەی کە لە باری تەوەر و زەمەنەوە بابەتی دانووستانی 12 ساڵانی ڕێککەوتنەکە بوو دیسان دانووستانی لە سەر بکاتەوە. ئەمریکا چەندین ساڵە لە ناوچەکەی ئێمەدا ئاژاوەگێڕی دەکات و پەرە بە تیرۆر دەدات و پێی دەڵێین کە تۆ بۆت نییە سەبارەت بە ئامادەبوونی یاساییی ئێران لە سووریا ڕێگەمان بۆ دابنێی. ئێمە لە سووریاین بۆ ئەوەی بەرپەرچی ئەو تیرۆرە بدەینەوە کە دەساوی تۆی ئەمریکایە. چەندین ملیار دۆلار چەکی ئەمریکی لە ناوچەکەی ئێمەدا فرۆشراوە و جگەلەوەی سامانی گەلانی ناوچەکەی تاڵان کردووە، ئەم ناوچەیەشی کردووە بە مەخزەنی بارووت.بۆیە چیتر ئەمریکا بۆی نییە مافی مەشروعی خۆمان لە ئێمە بسێنێتەوە. بەتایبەت لە باری بەرهەم هێنانی مووشەکی بەرگرییەوە کە ئێمە بە چەکی ڕێگەپێدراو و تەنها بۆ پاراستنی خۆمان بەرهەمی دەهێنین. چوونکە ئەو چەواشەکارییەی ئەمریکا دژ بە مادەی 51ی مانیفڵستی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە مافی مەشرووعی بەرگری کردنی داوە بە هەموو وڵاتێک.
پێشتریش سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند کە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران پێی ڕاسپێردراوە چی پێویستە بیکات بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە کە وڵاتانی دیکەی واژۆکاری ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە ماف و بەرژەوەندیی گەلی ئێران گەرەنتی دەکەن و پێویستە زووبەزوو ئەنجامی ئەو تاقی کردنەوە بە ئێران ڕابگەیێندرێت. ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیشی پێی ڕاسپێردراوە هەموو ئامادەکارییێک بکات بۆ ئەوەی پیتاندنی ئورانیۆم بە بێ سنوور و بە ڕێژەی فراوان دەست پێبکاتەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment