کوردپرێس- له ماوه‌ی سێ ڕۆژی داهاتوودا هه‌ڵبژاردنی چواره‌مین خولی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق (له کاتی ڕووخانی ڕژێمی سه‌دام) به‌ڕێوه ده‌چێت و ئارایشتی سیاسیی نوێی حیزبه‌کان و پێگه‌ی ئه‌وان له‌و هه‌ڵبژاردنه ئاشکرا ده‌کرێت و قۆناغی نوێی وڵاتی عێراق پاش تێپه‌ڕبوونی قه‌یرانی داعش ده‌ستی پێده‌کاته‌وه.
هه‌واڵنێری نێردراوی کوردپرێس بۆ هه‌رێمی کوردستان دیمانه‌یێکی له‌گه‌ڵ به‌شدار حه‌سه‌ن به‌ربژێریی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مان له بازنه‌ی شاری هه‌ولێر ئه‌نجام داوه.
ده‌قی دیمانه‌که له خواره‌وه بخوێنه‌ره‌وه:
کوردپرێس: ئامانجی سه‌ره‌کیتان بۆ هه‌ڵبژاردن چییه؟ چ ئه‌جێندا و ستراتێژییێکتان هه‌یه بۆ باشتر کردنی داهاتی خه‌ڵک و چاکسازی کردن له بواری ئابووری؟
به‌شدار حه‌سه‌ن: کاک نه‌وشیروان بۆ دروست کردنی شۆڕشی فیکری هه‌ستا و ئێمه وه‌کوو تاکی کوردی و له باری فیکرییه‌وه له ئاستێکی زۆر خواردا بووین بۆیه گۆڕان بزووتنه‌وه‌یێکی فیکریی شۆڕشی مه‌ده‌نییه. ئێمه به‌ره‌و چاکسازی هه‌وڵ ده‌ده‌ین. هه‌رێمی کوردستانیش به ناوی هه‌رێمێکی دیموکراتی حوکم ده‌کرێت به‌ڵام حوکمدارهکانی هه‌رێم دیکتاتۆرن. گۆڕینی سیسته‌می دیکتاتۆرێتی بۆ دیموکراسی ناخۆشیی زۆری له‌سه‌ر ڕێگادایه بۆیه گۆڕان هه‌ستاوه به بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌وه‌ی له ڕێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه بتوانێت ئه‌و سیسته‌مه بگۆڕێت. چوار ساڵی پێشووتر ئێمه دوو کورسیمان هه‌بوو به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه خه‌یانه‌تی نیشتمانیمان نه‌کردوووه و 16ی ئهکتهوبرمان به سه‌ر میلله‌ته‌که‌ماندا نه‌هێناوه ده‌توانین به گوڕێکی ڕاسته‌قینه‌وه بچینه هه‌ڵبژاردنه‌وه واتا دوو کورسییه‌که‌مان بکه‌ینه سێ یان چوار. به‌پێی ئه‌و ئه‌نجامه‌ش که خۆمان ڕاپرسیمان کردوووه ده‌توانین سێ کورسی به‌ده‌ست بهێنین به‌ڵام ئێمه بۆ چوار کورسی هه‌وڵ ده‌ده‌ین.
کوردپرێس: هه‌ندێک ڕه‌خنه هه‌یه که گوایه گۆڕان نه‌یتوانیوه ئه‌و دروشمانه‌ی داویه‌تی به‌جێیان بهێنێت چوونکه خۆیشی به‌شێک بوووه له ده‌وڵه‌ت وه‌ڵامتان بۆ ئه‌و ڕه‌خنه‌یه چییه؟
به‌شدار حه‌سه‌ن: ئێمه نامانه‌وێت دروشمی ده‌وڵه‌تداری بفرۆشینه‌وه به بێ بوونی بناغه‌ی ده‌وڵه‌تداری. ئێمه ده‌مانه‌وێت پایه‌ی ده‌وڵه‌تداری دروست بکه‌ین ئینجا ده‌ست به شۆڕشهکانیتر بکه‌ین و ئێستا کارمان به شۆڕشی فیکرییه. ده‌مانه‌وێت ژێرخانێکی ئابووری و هێزێکی نیشتمانی دروست بکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی جوگرافیایێکی دیاریکراومان ببێت تاوه‌کوو بتوانین ئیدعای ده‌وڵه‌تداری بکه‌ین. ئێستا ئێمه له هه‌رێمێکی سه‌ربه‌خۆین له چوارچێوه‌ی عێراقدا بۆیه هێشتاکه به ته‌واوه‌تی سه‌ربه‌خۆ نین و ئێمه ده‌مانه‌وێت ئه‌و لکه لێی بکه‌ینه‌وه له چوارچێوه‌ی عێراق و ببه‌ینه هه‌رێمێکی سه‌ربه‌خۆ. ئه‌و دروشمانه‌ی که لایه‌نه‌کانی حکوومه‌ت ده‌یده‌ن و ئه‌و ئاڵایه‌ی حیزبه‌کان به‌رزی ده‌که‌نه‌وه ئاڵایێکی نیشتمانی نییه واتا ئاڵای سه‌رده‌می قازی محه‌مه‌د نییه به‌ڵکوو ئاڵای بنه‌ماڵه‌یێکه.
کوردپرێس: ئێوه یه‌ک ساڵ و وردهیێک به‌شداری حکوومه‌تی کوردستان بوون پاشانیش چوار ساڵ له په‌رله‌مانی عێراق بوون. خه‌ڵک ڕه‌خنه‌ی لێتان هه‌یه وه‌ڵامی ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی خه‌ڵک چۆن ده‌ده‌نه‌وه؟
به‌شدار حه‌سه‌ن: له کۆی 60 کورسیی کورد له عێراق ئێمه 9 کورسیمان هه‌یه دوویان له هه‌ولێره و حه‌وتیان له سلێمانی. به‌داخه‌وه هۆشیاریی خه‌ڵک ئه‌وه نه‌بوووه ته‌واوی ده‌نگه‌کانمان بده‌نێ. پارتی 28 کورسیی هه‌یه و یه‌کێتییش 22 و دائیمه‌ن بۆ مانه‌وه‌ی خۆیان یه‌کیان گرتوووه. یه‌ک له‌و سهبهبانهش ئێمه نه‌مانتوانی له به‌غدا هه‌نگاوی چاک بنێین ئه‌وه بوو که پارتی ڕێک نه‌که‌وت. خودی مه‌سعوود بارزانی ڕاسته‌وخۆ به نووری مالیکیی وت ئێمه ڕێک ناکه‌وین ئه‌گه‌ر بێتوو گۆڕان له حکوومه‌تدا به‌شداری بکات. ئه‌وه بوو که مالیکی نه‌یهێشت ئێمه هیچ پۆستێکمان هه‌بێت و توانیمان ته‌نها موعارهزێکی بچووک بین له ناو 223 ئه‌ندام په‌رله‌مان.
کوردپرێس: ئێوه ئه‌گه‌ر دیسان بچنه‌وه ده‌سه‌ڵات و کورسیی زیاتر به‌ده‌ست بهێنن چ وه‌عدێک به‌و خه‌ڵکه ده‌ده‌ن؟
به‌شدار حه‌سه‌ن: ئێمه وه‌کوو گۆڕان ئه‌گه‌ر بێتوو له کوردستان ببه‌ینه یه‌که‌م و زۆرینه‌ی کورسییه‌کان به‌ده‌ست بهێنین دهبینههۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی شکۆی تاکی کورد چوونکه ده‌سه‌ڵاتی پێشوو شکۆی تاکی کورد و پێشمه‌رگه‌یان شکاند. ئێمه مافی داراییی خه‌ڵک ده‌گێڕینه‌وه. ناوچه کێشه‌له‌سه‌ره‌کان ده‌گێڕینه‌وه. ئه‌گه‌رچی ئێمه به ناوچه‌ی جێناکۆکیی نازانین به‌ڵکوو ناوچه‌ی کوردستانییه و حکوومه‌تی ناوه‌ندی ده‌ستی به سه‌ردا گرتوووه. ئێمه ئیش بۆ ماده‌ی 140 ده‌که‌ین. ده‌مانه‌وێت ئه‌و پۆستانه‌ی پێشتر به حیزبی کرابوون له حکوومه‌تی ناوه‌ند بیانگێڕینه‌وه. ئێمه پێشتر جێگری په‌رله‌مانمان هه‌بوو که زیاترین کارایی بوووه و کارمان بۆ میلله‌تی کوردیش و بۆ یه‌ک بوونی عێراقیش کردوووه.
کوردپرێس: بیر و ڕاتان سه‌باره‌ت به مه‌وزووعی که‌رکووک چۆنه؟
به‌شدار حه‌سه‌ن: مێژووی که‌رکووک مێژوویێکی خوێناوییه. هه‌موان ده‌زانن که‌رکووک پارچه‌یێکی خاکی کوردستانه که داگیر کراوه. هۆکاری ئه‌وه‌ش ته‌نها عه‌ره‌ب نین به‌ڵکوو کوردیش بۆته هۆی ئه‌وه‌ی که‌رکووک له ده‌ست بده‌ین. 16ی ئهکتهوبریش یه‌ک له‌وانه‌یه و دیاره سه‌رده‌می سه‌دام حسێن ناوبراو حوکمی زاتیی دایه کورد که پێکه‌وه به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن به‌ڵام هه‌ر ئه‌و کوردانه به عه‌قڵییه‌تی که‌سێک نه‌یانتوانی ئه‌و هه‌له بقۆزنه‌وه که له عێراق که‌رکووک به شه‌راکه‌ت به‌ڕێوه ببه‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌وکات بمانتوانیایه به‌ڕێوه‌ی ببه‌ین ده‌مانتوانی زۆر ئامانج و ده‌ستکه‌وتی لێ به‌ده‌ست بهێنین. بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان مه‌حاڵه ده‌ستبه‌رداری یه‌ک بست خاکی کورد بێت به تایبه‌ت که‌رکووک و خانه‌قین و دوزخورماتوو. ئێمه سنووری چیای حهمرینمان هه‌یه. ئه‌و سنووره‌ش قه‌ت له دڵی هیچ کوردێک ده‌رناچێت به تایبه‌ت بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان.
کوردپرێس: ڕکابه‌ری سه‌ره‌کیی ئێوه له هه‌ولێر کێیه؟
به‌شدار حه‌سه‌ن: لێره ده‌سه‌ڵاتدار حوکم ده‌کات و حوکمێکی عه‌سکه‌ری له‌م شاره‌دا هه‌یه. ئێمه پارتی به ڕکابه‌رێک نازانین که سه‌رسه‌خت بێت چوونکه ئه‌و زه‌مانه ڕۆیی که بتوانن ڕکابه‌رێتیی ئێمه بکه‌ن بۆیه ئێمه که‌س به ڕکابه‌ری خۆمان نازانین.
کوردپرێس: نه‌وه‌ی نوێ و هاوپه‌یمانی چی؟ ئایا ئه‌و دوو حیزبه وه‌کوو ڕکابه‌ر ده‌بینن؟
به‌شدار حه‌سه‌ن: نه‌خێر. ئه‌و حیزبانه ده‌نگی لایهنیتر وه‌رده‌گرن. ئێستا لیستی هاوپه‌یمانی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ههڵقۆڵاوێکی تازه‌یه کاریگه‌ره له‌سه‌ر یه‌کێتی و ڕه‌نگه ئه‌وانه‌ی دڵیان له یه‌کێتی شکا له‌وانه‌ی ئه‌و ده‌نگانه‌یان ده‌یاندایه گۆڕان بیده‌نه لیسته‌که‌ی به‌رهه‌م ساڵحی لیستی هاوپه‌یمانی. ئێمه هاوپه‌یمانیشمان له‌گه‌ڵ ئه‌وان هه‌یه بۆیه ئه‌وانه نابێته کێشه بۆ ئێمه. خه‌ڵک زۆر له‌وه‌ش تێناگات که لیستی نه‌وه‌ی نوێ چۆنه. ئه‌وه‌ی که گۆڕانه به عایله و به‌کۆمه‌ڵ ده‌نگ ده‌دات به‌ڵام لیستی نه‌وه‌ی نوێ به تاک ده‌نگ ده‌دات بۆیه کاریگه‌رییێکی وای نابێت له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان. ئه‌وانه‌ی که نازانن مێژووی بزووتنه‌وه‌ی گۆران چییه ڕه‌نگه به پارتی یان ئیسلامییه‌کان به تایبه‌ت یه‌کگرتوو ده‌نگ بده‌ن به‌ڵام له نێوخۆی گۆران ئه‌و شته مه‌حاڵه.
دیمانه: ئه‌فشین غوڵامی
داگرتن و داڕشتنه‌وه: سروور خدری/ به‌شی کوردیی هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment