بهپێی ههواڵی کوردپرێس، ناوەندی ڕاگەیاندنی هەپەگە بڵاوی کردەوە: کاژێر 17:30 خولەکی رۆژی دووشەممە (7-5-2018) گەریلاکانیان هێرشیان کردۆتە سەر سەربازانی سوپای تورکیا لە گردی لێلکان و بەو هۆیەوە زیاتر لە 9 سەربازی سوپای تورکیا کوژراون و ژمارەیەکیشیان بریندارن.
بە گوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ لە ناوچەکە، پاش هێرشەکە فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا ناوچەکەیان بۆردوومان کردوووە.
هاوکات سوپای تورکیا رایدەگەیێنێت کە پێگەکانی PKKیان لە ناوچەی خواکوڕک لە ههرێمی کوردستانی بۆردوومان کردوووە.
سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی سوپای تورکیا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: رۆژی دووشەممە لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیدا 4 پێگەی پارتی کرێکارانی کوردستان "PKK" لە ناوچەی خواکوڕک کردە ئامانج.
سوپا سالاری تورکیا لە راگەیێندراوەکەیاندا ئاماژەیان بە گیانلەدەستدانی گەریلاکانی PKK نەکردوووە، فەرماندەیی هەپەگە و میدیاکانی نزیک لە PKK ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکەی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیایان پشتڕاست کردەوە.
سوپای تورکیا لە 10ی ئاداری 2018ـەوە لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان کوردستانی عێراق و تورکیا دژی PKK دەستی بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی کردوووە، تاوەکو ئیستا بەقوڵاییی زیاتر لە 20 کیلۆمەتر هاتۆتە نێو خاکی ههرێمی کوردستانهوه، لەسەر کۆمەڵێک لووتکە چیاش سەربازی جێگیر کردوون، بەردەوامیش لهڕێگهی ئامێری شۆفڵ و بلدۆزهرهوه سهرقاڵی لێدانی رێگای ئۆتۆمبێله بۆ سەر لووتکە چیاکان و قەرەقۆڵییان لێ دروست دەکات.
رۆژانە ئۆپەراسیۆنی زەمینیی تورکیا دژی PKK لە ههرێمی کوردستان بەردەوامە، وێڕای ئەوەش نەک تەنیا لە دەڤەری سیدەکان، بەڵکوو لە چەندین ناوچەی دیکە بەتایبەت لە بناری قەندیل و دەوروبەری بەردەوام هێرشی ئاسمانی ئەنجام دەدات، ئەمساڵیش کۆمەڵێک هاونیشتمانیی مەدەنی بەهۆی هێرشەکان گیانیان لەدەست داوە.
هاوکات هەر دوو لا ناوەناوە ئامار و زانیاری لەبارەی هێرش و چالاکییەکانیان بڵاو دەکەنەوە، کۆمەڵێک گوندیش بەهۆی پێکدادانەکانەوە چۆڵ کراون.
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment