کوردپرێس- هەواڵنێری نێردراوی کوردپرێس دۆخی هەڵبژاردن لە کەرکووک هەڵدەسەنگێنێت و بە گشتی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق بە ئەستەم هەڵدەسەنگێنێت. فرە حیزبی و جیاوازیی ئایینزایی لە عێراق وای کردووە پێکهاتەی سیاسیی عێراق پاش 2003وە توانای زەمینە خۆش کردن بۆ بەشداری کردنی هەموو لایەنێکی سیاسیی لە دەسەڵاتدا نەبێت و "ڕێککەوتنی قەومی و ئایینزایی" بۆتە بەدیل بۆ دیموکراسیی پەڕلەمانی و دیموکراسیی ناڕاستەوخۆ.
لە کەرکووک هەموو ڕێگا و بان و باڵاخانەکان بۆتە لافیتە و پۆستەر. کەرکووک "شاری پۆستەرەکان". دەتوانم بڵێم بە پارەی ئەو پۆستەر و لافیتانە دەکرا چەندین سەنتەری کەلتووری و ڕۆشنبیری ساز بکرایە.
چوارەمین خولی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق لە کەرکووک جیاوازیی تایبەتی لەگەڵ خولە پێشووەکان هەیە. لەم خولەی هەڵبژاردندا قەبارە سیاسییە سەرەکییەکان وەکوو (فەتح، نەسر، سەدر، حەکیم، بەرەی تورکمانی و ...) قۆناغی شکستی داعشیان تێپەڕاندووە و خۆیان بۆ کێبەرکێی هەڵبژاردن و کورسیی زیاتر و گۆڕانکاری کردن لە پێکهاتەی سیاسیی عێراق ئامادە دەکەن.
لەم نێوانەدا کێبەرکێی لیستی فەتح و نەسر جێگەی سەخرنجە. فەتح وەکوو پێشەنگی قەبارە سیاسییەکانی حەشدی شەعبی و نەسریش وەکوو ئەو بەرەیەی ئەمڕۆکە باڵادەست و خاوەن دەسەڵاتە زیاترین پێوەندی و کاریگەری لە یەکتر وەردەگرن. پێدەچێت کێبەرکێی نێوان ئەو دوو لایەنە جگە لە لایەنی فۆڕمی، لایەنی ناوەرۆکیش لە خۆ دەگرێت و ڕاجیاوازیی زۆر هەیە لە نێوان هەر دوو لاین لە سەر شێوازی ئیدارە کردنی عێراق و پێوەندیی ئەو وڵاتە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی.
خاڵێکی دیکەی بەرچاو لەم خولەی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق ئەوەیە کە ژمارەیێک لە کەسایەتییە کوردەکان لە لیستی کوردستانی چوونەتە دەر و میکانیزمی قەومییەتیان وەلا ناوە و تێڕوانینێکی عێراقییانەیان هەیە. ئەو کوردانەی یان لە حیزبەکەی خۆیان زویر بوون یان پێوەندییان بە بازنەی نوێی سایسەت کردنەوە کردووە و بە لیستی جیاواز لە لیستی سوننەکان و لیستی دوڵەت و لە بەغدا و کەرکووک و واسیتەوە بوونەتە بەربژێری ئەم خولەی هەڵبژاردن.
دیارە هەستیاریی پرسی کەرکووک زیاتر لە پرسی عێراق نەبێت کەمتر نییە. ئەو شارە پاش ئەکتەوبری 2017 پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە.
لەو نێوانەدا پاش کەم تین بوونی ڕەوتی کوردی بە سەرکردایەتیی دوو حیزبی باڵادەستی کوردستان واتا پارتی و یەکێتی لە کەرکووک، حیزبە تورکمانی و شیعەکان پێشکەوتنیان بە خۆوە بینیوە و بوونەتە جەمسەرێکی باڵانسی ئاسایشی کەرکووک. پێش ئەم ڕووداوانە تورکمان لە کەرکووک هیچ دەورێکی نەبوو چ لە باری سەربازی و چ لە باری ساسییشەوە. بەڵام پاش هاتنی داعش و دامەزرانی کەتیبەکانی حەشدی شەعبی، بەرەی تورکمانیش توانیی بەرەبەرە خۆیان لە ئاستی سەربازی و سیاسیدا یەک بخەن و ببنە هێزێکی دەورگێڕی ناوچەکە. دیارە تورکمانی شیعە تێڕوانینی جیاوازی هەیە بۆ سیاسەت کردن و خاڵی سەرەکی بۆ سیاسەت کردنیان ڕەوتی ئاینزایییە و پێچەوانەی تورکمانی سوننە و ڕەوتی سیکۆلار بە سەرکردایەتیی ئەرشەد ساڵحی عێراقییانەتر و ئاینزاییانەتر دەڕواننە سیاسەت و جیاوازن لەو بەرەیەی تورکمان کە لە دەوڵەتی تورکیا نزیکە.
بە هەموو ئەوانەوە، بەرەی تورکمانی ساحەی بەشداری کردنی لایەنی جۆر بە جۆری تورکمانەکانە و ئەم جارەش کەسایەتییێکی وەکوو دوکتور ئەحمەد حەیدەر قاسم خۆ بۆ هەڵبژاردن ئامادە کات کە لە باری قسە و وتاربێژییەوە زۆر لێهاتووە. دوکتور ئەحمەد حەیدەر ڕێبازێکی سەربەخۆی گرتۆتە بەر کە بە توانا و لێهاتوویی وتاربێژییەوە توانیویەتی لە نێوان ڕکابەرەکاندا باشتر خۆی بنوێنێت و پێوەندیی باش لەگەڵ کوردەکان دروست بکات و ئەوەش کارتێکەریی دەبێت لە پێوەندیی کورد لە ناوچەکە.
بەگوێرەی ئەو ئامارەی ڕاگەیێندراوە 940 هەزار کەس لە پارێزگای کەرکووک ناویان تۆمار کردووە بۆ ئەوەی بەشداریی هەڵبژاردن بکەن. کەرکووکییەکان 13 پەڕلەمانتاری خۆیان لە نێوان 291 بەربژێردا هەڵدەبژێرن کە زۆرینەیان دەم و چاوی تازەن و هەر ئێستاش یەک لەو 13 پەڕلەمانتارە پشکی کریستیانەکانە.
کورد لە خولی سێهەمی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراقدا 8 کورسیی کەرکووکی بردبووەوە و 6 لەو کورسییانە یەکێتی بردبوویەوە کە هەلومەرجێکی باشتر لە پارتیی هەیە لەو شارە. پارتیش توانیی لە کەرکووکەوە دوو پەڕلەمانتار بنێرێتە پەڕلەمانی عێراق. پێکهاتەی عەرەب و تورکمانیش توانییان هەر یەکەو دوو پەڕلەمانتار بنێرنە پەڕلەمان.
بەڵام پێدەچێت ئەم جارەیان کورد نەتوانێت پێگەی پێشووی خۆی بپارێزێت. پارتی لە کەرکووک بایکۆتی هەڵبژاردنی کردووە و ئەو شارە بە ناوچەی "داگیرکراو" دەزانێت و یەکێتیش گومان و تۆمەتی خەیانەتی لەگەڵە.
بەڵام ڕێبوار تاها سەرۆکی لیستی یەکێتی لە کەرکووک لەو بارەیەوە دەڵێت یەکێتی هیچ چارەی نەبوو جگە لەوەی ڕێگە بە هێزی عێراقی بدات کە بێنە کەرکووک. ناوبراو ئاماژەی بە عەرەب و تورکمانەکان کرد و وتی ئەمڕۆکە ئێمە دەبینین ئەو خەڵکە خەریکی تۆڵە سەندنەوەن.زۆرینەی ئێمە تەنانەت زۆرینەی چاودێرانی سیاسیش پێیان وابوو بێت جەماوەری هەرێمی کوردستان پاش گیانەڵای ڕیفراندۆم و ئەو شکستە سیاسییەی کورد لە بەرامبەر بەغدا هێنای چیتر لە حیزبی کوردی یاس بووبن بەڵام نەخێر وادیارە خەڵکی سەرڕای بێ ئەخلاقی و گەندەڵیی ئێستای ناوچەکە ناتوانن بەرامبەر بە خۆیان وداهاتوویان خەمسارد بن. بە وتەی "هێمن" کە شۆفێری تەکسیە خەڵک ئەگەر تەنها لە بەر ڕکابەریی حیزبیش بووبێت ڕێگە نادەن حیزبی بەرانبەریان سەرکەوێت. بەبێ گومان دەچنە سەر سندووق و دەنگ دەدەن. ئەڵبەت نازانم ئەو وتەیەی هێمن چەندە ڕاست بێت بەڵام هەمان کەشی حەماسی و ئەو جم و جووڵەی لە شەقامەکانی سلێمانیدا دەیبینم و ئەو کەرنەڤاڵ و کەمپێنانەی بۆ هەڵبژادرن دەکرێن بە منی دەسەلمێنێت کە شکست هێنان لە ساحەی سیاسیدا لای ئەو خەڵکە بێ مانایە و ئەو شۆفێری تەکسیەش وەکوو هەموو کوردێکی تر «سیاسەتزان» لە دایک بووە بەڵام ڕەنگی زەرد و سەوز و سپی و شین و نارنجی و لە هەندێک حاڵەتیشدا تێکەڵ بوونی ئەو ڕەنگانە مانایێکم پێ دەدات.."تینوویەتی بۆ دەسەڵات".
لە لایێکی دیکەوە بەرەی نەوەی نوێ دەبینرێت کە شاسوار عەبدولواحید سەرکردایەتیی دەکات. کاوە غەفوور بەربژێری نەوەی نوێیە لە کەرکووک و بە هەواڵنێری کوردپرێس وتووە: "ئێمە وەکوو نەوەی نوێ لە کەرکووک بەرنامەیێکی تایبەتمان هەیە، برۆشۆر چاپ کراوە بە هەر سێ زمانی کوردی، عەرەبی و تورکمانی و ڕۆژانە دابەشی دەکەین بەسەر هەر سێ نەتەوەکەدا و بەڕاستی ئێمە چەندها بەرنامەمان هەیە"
ئەو بەربژێرەی لیستی نەوەی نوێ زیاتر دەڵێت: "لیستی نەوەی نوێ ئەوەی ناوێت یەعنی نایەوێت دیفاع بکات لە قەومیەتی خۆی، ئێمە ئەمانەوێت هەموومان تێکەڵ بین و برایەتی دروست بکەین، بەگشتی ڕەنگە ئەم کارە ئێستا ئەوەی پێویست بوو کە پێکەوە بین بەڵام خۆت دەزانی هەر حیزبێک و بەرنامەی خۆی هەیە، هەموو حیزبەکان کادیری خۆیان هەیە، لەبەر ئەوەی کە کادیرەکان لێیان زیز نەبن لە ڕاستیدا و کادیری زۆریشیان هەیە یەعنی 24 کاندید هەیە بۆ کەرکووک، ئینجا ئەگەر ئەو هەموو حیزبە لە ڕاستیدا یەک بگرێت، کێشە ئەبێت، کێشەکە چییە؟ ئەوانەی وا ساڵانی ڕابردوو کورسیی زۆریان هێناوە لە سەر ئەوە بەرنامەکە دائەڕێژن، ئەمەکانی تریش قبووڵیان نییە، بۆیە من ئەیگەڕێنمەوە بۆ ئەوە. لە لایێکی تریشەوە زۆر ئاساییە کە ئازادانە خەڵکێکی زۆر بەشدار بێت، خەڵکی پرۆفشناڵ هەیە خەڵکی دڵسۆز هەیە کە پەراوێز خراوە قەی چیدەکات ئێستا با بەشدار بێت، با خەڵک بیناسێت لە ڕاستیدا، ئێستا هەندێک کەس هەیە پشت گوێ خراوە بەڵام لە لیستی تازە هەیە، حیزبەکانی تر دەڵێن ئێمە نەمانناسیون، ئەی بۆ لە پێشەوە نەتانناسیون؟ بۆیە ئێمە حەز دەکەین کراوە بێت با هەر حیزبێک بۆ خۆی بەشدار بێت."
ئەگەر چی مەترسیی ئەوە هەیە کە ژمارەی کورسیەکانی کورد لە کەرکووک بە قازانجی تورکمان و عەرەب کەم بکات بەڵام دیارە کورد لەوە گەیشتووە کە بایکۆت کردنی هەڵبژاردن زەرەری زیاتر لە کورد دەدات بۆیە ئەوانەی بە هۆی ڕووداوەکانی 16ی ئەکتەوبرەوە لە سەرکردایەتیی کورد بێزار بووبوون ئێستا ڕوویان کردۆتەوە دەنگدان.
Your Comment