کوردپرێس:
وه‌زاره‌تی به‌رگریی به‌ریتانیا له راپۆرتی ساڵانه‌ی خۆیدا رایگەیاند، له سه‌ره‌تایی شه‌ڕی داعشه‌وه تائێستا مه‌شق و راهێنانیان به زیاتر له 120 هه‌زار پێشمه‌رگه و سه‌ربازی سوپای عێراقی كردووه.
هه‌روه‌ها له راپۆرته‌كه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری به‌ریتانیادا ئاماژە بەوەكراوە، به‌ریتانیا وه‌كو ئه‌ندامێكی كارای هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی رۆڵێكی باڵای هه‌بووه له دابینكردنی زانیاری نهێنی و چاودێریكردن و به ئامانجكردنی پێگه‌كانی داعش له عێراق و سووریا.
لەلایێكی دیكە و پەیوەست بە مەشق و راھێنانی ھێزەكانی عێراق. رێكخراوی ناتۆ رایگەیاند، ئه‌ركی داهاتوویان له عێراق ته‌نیا مه‌شقكردنه به هێزه‌كانی ئه‌و وڵاته و شه‌ڕكردن نییه.
یانز شتۆڵتنبێرگ، سكرتێری گشتی ناتۆ، پێش ده‌ستپێكردنی كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ندامانی ناتۆ، ئه‌ركی داهاتووی رێكخراوه‌كه‌ی له عێراق ئاشكرا كرد.
سكرتێری گشتی ناتۆ سه‌باره‌ت به رۆڵیان له عێراق ئەوەی گوتی "له عێراق هه‌مان رۆڵی ئه‌فغانستانمان ده‌بێت و ئه‌ویش بریتی ده‌بێت له مه‌شق و راهێنانكردنه به هێزه ئه‌منییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌یه".
باسی لەوەش كرد، ئه‌وان ده‌یانه‌وێت توانستی هێزه‌كانی عێراق باشتر بكه‌ن، تاوه‌كو رێگری بكه‌ن له‌وه‌ی جارێكی دیكه داعش بگه‌ڕێته‌وه ئه‌و وڵاته.
Your Comment