کوردپرێس- هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق لە حاڵێکدا بەڕێوە دەچێت کە ناوچەکە کەشێکی جیاواز تێدەپەڕێنێت. داعش شکستی هێناوە، گشتپرسیی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چووە و هێزی کورد لە زیاتر لە نێوەی ڕووبەری خاکی کوردستان پاش 2014 پاشەکشێی کردووە. کەرکووک بەشێکی هەرە ستراتێژیی ناوچە جێناکۆکەکانی نێوان بەغدا و هەولێرە و لە خولی پێشووی پەڕلەماندا ژمارەی کورسییەکانی کورد لە کەرکووک زیاتر لە هەموو پێکهاتەکانی تر بوو هەر بۆیەش هەڵبژاردن لەو شارەدا یەکجار گرینگ دەنوێنێت.
کورد لە عێراق ڕۆژی 25ی ئەیلوولی 2017 ڕیراندۆمی کرد ئەوەش زەمینە خۆش کردن بوو بۆ جیابوونەوە لە عێراق. کورد بەو ڕیفراندۆمە سەرەڕای ناڕەزایی زۆری لایەن و وڵاتان، خولیای ئەوەی لە مێشکدا بوو کە کەرکووک "قودسی کوردستان" بخاتە سەر خاکی کوردستان. بەڵام وا دەرنەچوو و تەنانەت دۆستە نزیکەکانی کوردیش واتا ئەمریکا هیچ کاردانەوەیێکی نەبوو بەرانبەر بە سزاکانی بەغدا دژ بە هەرێمی کوردستان بۆ دووبارە کۆنتڕۆڵ کردنەوەی ناوچە جێناکۆکەکان.
قەبارە سیاسییەکانی کوردستان پاش ڕیفراندۆمەکەی 25ی ئەیلوول زیاتر لە هەمەموو کاتێک تووشی لێکترازان و دووفاقی بوون. ئەو دووفاقییە لە بارەی کەرکووکەوە زیاتر دەردەکەوێت چوونکە پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژاردنی لە کەرکووک بایکۆت کردووە و ئەوەش لە کاتێکدایە کە سەردەمێک ئەو شارەی بە قودسی کوردستان دەزانی و پێداگر بوو لە سەر ئەوەی بیخاتە سەر خاکی ئەو وڵاتەی کە بەنیاز بوو پێکی بهێنێت.
بەڵام بەگوێرەی نووسراوێکی هەواڵدەریی فەڕەنسا، تورکمان و عارەبەکانی کەرکووک بە گڕ و تینی تایبەت خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەڕلەمان ئامادە کردووە. دانیشتووانی ناوچەی ڕەحیم ئاوای کەرکووک زیاتر دەنگیان بە ڕیفراندۆمەکەی کوردستان دابوو بەڵام ئێستا حەز ناکەن باسی هەڵبژاردن بکەن. فەرەیدوون ڕەحیم هاووڵاتییێکی کوردی تەمەن 41 ساڵ تاکە کەسێک بوو کە ئامادە بوو لەو بارەیەوە قسە بکات. ناوبراو لەو بارەیەوە بە فڕانس پرێسی وتووە: من ساڵی پار دەنگی "بەڵێ"م بە ڕیفراندۆم دا بەڵام ئەمڕۆکە دەڵێم دەبێت ئێمەی کوردی و عارەب و تورکمان پێکەوە بژین بۆیە من بەشداری دەکەم لە هەڵبژاردنی پەڕلەمان کە 12ی ئایار بەڕێوە دەچێت.
بەگوێرەی ئەو ئامارەی ڕاگەیێندراوە 940 هەزار کەس لە پارێزگای کەرکووک ناویان تۆمار کردووە بۆ ئەوەی بەشداریی هەڵبژاردن بکەن. کەرکووکییەکان 13 پەڕلەمانتاری خۆیان لە نێوان 291 بەربژێردا هەڵدەبژێرن کە زۆرینەیان دەم و چاوی تازەن و هەر ئێستاش یەک لەو 13 پەڕلەمانتارە پشکی کریستیانەکانە.
کورد لە خولی سێهەمی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراقدا 8 کورسیی کەرکووکی بردبووەوە و 6 لەو کورسییانە یەکێتی بردبوویەوە کە هەلومەرجێکی باشتر لە پارتیی هەیە لەو شارە. پارتیش توانیی لە کەرکووکەوە دوو پەڕلەمانتار بنێرێتە پەڕلەمانی عێراق. پێکهاتەی عەرەب و تورکمانیش توانییان هەر یەکەو دوو پەڕلەمانتار بنێرنە پەڕلەمان.
بەڵام پێدەچێت ئەم جارەیان کورد نەتوانێت پێگەی پێشووی خۆی بپارێزێت. پارتی لە کەرکووک بایکۆتی هەڵبژاردنی کردووە و ئەو شارە بە ناوچەی "داگیرکراو" دەزانێت و یەکێتیش گومان و تۆمەتی خەیانەتی لەگەڵە.
بەڵام ڕێبوار تاها سەرۆکی لیستی یەکێتی لە کەرکووک لەو بارەیەوە دەڵێت یەکێتی هیچ چارەی نەبوو جگە لەوەی ڕێگە بە هێزی عێراقی بدات کە بێنە کەرکووک. ناوبراو ئاماژەی بە عەرەب و تورکمانەکان کرد و وتی ئەمڕۆکە ئێمە دەبینین ئەو خەڵکە خەریکی تۆڵە سەندنەوەن.
ناوبراو بڕوای وایە بەڕێوە بردنی گشتپرسی کارتێکەریی بووە لە سەر پێگەی کورد لە کەرکووک. بەڵام دەشڵێت: ئەم دۆخە کاتییە. بەڵی کەرکووک شارێکی عێراقییە بەڵام شۆناسەکەی کوردییە. کورد ئەم جارەش لە کەرکووک براوەی هەڵبژاردن دەبێت بەڵام وەکوو جاری پێشوو 8 کورسی ناهێنێت.
حەسەن تووران سیاسەتوانی تورکمانی کەرکووکی لە بارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق لەو شارە دەڵێت هەڵبژاردنەکە کێشی سیاسیی ڕاستەقینەی چینە جۆربەجۆرەکانی کەرکووک دەنوێنێت. ئێمە لە سەر ڕیفراندۆم هۆشدارمان بە کورد دابوو و پێمان وتبوون کە باجەکەی زۆر قورس دەبێت. ئەوانەی دەیانهەوێت لە کەرکووک بگەڕێنەوە سەر هێڵی جاران خویان بینیوە.
عامر جبووری بەربژێری لیستی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش هەمان شێواز بیر دەکاتەوە و دەڵێت: کەرکووک شارێکی عێراقییە و ئەوانەی وا بیر ناکەنەوە دەتوانن ڕوو لە شوێنێکی تر بکەن.
Your Comment