کوردپرێس:
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەرێگەی پارێزەرەکانییەوە وەڵامی چەند پرسیارێکی رۆژنامەنوسانی داوەتەوە و باسی لەوەکردوە، داواکاری گشتی تورکیا تائێستا رێکاری بەرامبەر 687 (شەش سەد و هەشتا و حەوت) سەرکردەی هەدەپە گرتووەتە بەر بۆ قەدەغەی چالاکیی سیاسی بەرامبەریان، بەڵام سەرجەمی ئەو هەوڵانە ناتوانن رێگری بکەن لەوەی خەبات لەپێناوی دیموکراسی و بەرنامەکانیان رابگرن.
ئاماژەی بەوەش كردووە، هەرچەندە داهاتوی هەدەپە سەرکردەکانی ئێستای ئەو پارتە بڕیاری لەبارەوە دەدەن، بەڵام دڵنیایە ئەوان هەنگاوی پێویست بۆ گەرەنتیکردن و پاراستنی ئیرادەی گەل و مافی نوێنەرایەتی کردنی دەگرنەبەر و لەکۆتاییدا ئەو ئاستەنگیانەش تێدەپەڕێنن.
دەمیرتاش ساڵی 2007 لەسەر لیستی پارتی کۆمەڵگای دیموکراتیک (DTP) وەکو نوێنەری پارێزگای ئامەد بوەتە ئەندامی پەرلەمانی تورکیا و لەدوای قەدەغەکردنی دەتەپە لەلایەن دادگای دەستوری تورکیاوە، ساڵی 2010 بووەتە ھاوسەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراسی (BDP)، دواتر بوە بەھاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە)، لە 4ی تشرینی یەکەمی 2016، لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ و بەشێک لە ئەندام پەرلەمانەکانی ھەدەپە بەتۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکەدا دەستگیرکرا و تاوەکوو ئێستاش لە زینداندایە.
Your Comment