کوردپرێس:
ئالیف بوڵۆت، هاوسەرۆکی هەدەپە لە ئیستانبوڵ بە کەناڵی "العربية"ـی راگەیاندووە، ئاک پارتی بەشێوەیێکی کرداری دەستی کردووە بە هەنگاوەکانی داخستنی پارتەکەیان بەئامانجی بردنەوەی هەڵبژاردنی داهاتوو، بەتایبەت دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2015 بەهۆی بەشداری پارتی دیموکراتی گەلان، نەیتوانی بەتەنها حکوومەت پێکبهێنێت و ناچار بوو لەگەڵ پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە) هاوپەیمانی بکات، لەو ماوەیەشدا "ئاک پارتی کە حکومڕانی تورکیا دەکات چەندین تاوانی لەناوخۆ و دەرەوەی تورکیا ئەنجامداوە و کەوتوەتە جەنگ لەگەڵ هاوڵاتیانی خۆی و وڵاتانی دراوسێ".
ئاماژەی بەوەشکردوە، حکومەتەکەی رەجەب تەیب ئەردۆگان بەشێوەی رۆژانە فشارەکانی لەسەر هەدەپە چڕدەکاتەوە لەوانەش هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارانیان، دەستگیرکردنی سەدان سەرکردە و بەرپرسی رێکخستنەکانیان و لەئێستاشدا دەیانەوێت هەدەپە دابخەن، بەڵام "ئێمە دەڵێن لێرەین و پارتەکەمان بۆ کۆمەڵگە پێویستە کە هەڵوێستی سیاسی بەرامبەر گەندەڵییەکانی ئاک پارتی هەیە و داوای یەکسانی دەکەین، بەڵام پارتی داد و گەشەپێدان دەیەوێت لەرێگەی بێدەنگکردنی ئۆپۆزسیۆن، رێگری بکات لە شکستەکانی".
لای خۆیەوە ئیردل ئافجیش، هاوسەرۆکی هەدەپە لە ئیستانبوڵ بە ماڵپەڕەکەی راگەیاندووە، داخستنی پارتەکان واتای کەمبونەوەی روبەڕوی دیموکراسی و مردنی "دیموکراسییە و لەو وڵاتانەشدا کەداخستنی پارتەکان هەیە بەقۆناغ ئازادی کەم بووەتەوە و خۆپیشاندان و ئازادی رادەبڕین بەرەو لاوازبون یان نەمان رۆشتون".
جەختیشی کردەوە، هەپەدە بەردەوامە لە کارەکانی خۆی و "کارەکانی ئێمە پەیوەست نیە بەبوونی پارتی سیاسییەوە، چوونکە ئێمە جووڵانەوەیێکین دژی قەیرانە زۆر و بەردەوامەکانی ژیان نەک لەپێناوی تەنها گرتنەدەستی دەسەڵات و کۆنتڕۆڵکردنی دامەزراوەکان".
17ی ئەم مانگە داواکاری گشتی تورکیا داوایێکی یاسایی بۆ داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ئاڕاستەی دادگای دەستوری وڵاتەکەی کرد و هۆکاری داواکارییەکەشی بۆ لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەو پارتە گەڕاندووەتەوە کە "یەکێتی خاکی تورکیایان بەئامانج گرتووە".
Your Comment