ئێران و عێراق جه‌خت له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كانی نێوانیان ده‌که‌نه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- له‌ دیدارێكدا سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زیری پیشه‌سازی و كانزاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و تارانیان تاوتوێ كرد.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سه‌رله‌به‌یانیی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 2018.05.02 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ د. محه‌ممه‌د شه‌ریعه‌تمه‌داری وه‌زیری پیشه‌سازی و كانزاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران و شاندێكی یاوه‌ری كرد كه‌ له‌ ئیره‌ج مه‌سجدی باڵیۆزی ئێران له‌ عێراق، ئاغای موقیمی پارێزگاری تاران، ئاغای شه‌هریاری پارێزگاری ورمێ، ئاغای دانایی فه‌ڕ سه‌رۆكی په‌ره‌پێدانی بازرگانیی عێراق و ئێران و ژماره‌یێک له‌ به‌رپرسی ژووره‌ بازرگانی و ئابوورییه‌كانی پارێزگا جیا جیاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران پێک هاتبوو.

له‌ دیدارێكدا كه‌ قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوو شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان به‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان و به‌شداری كردن له‌ كۆنفڕانسی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران ده‌ربڕی و ئاماژه‌یان به‌‌ په‌یوه‌ندییه‌ دێرینه‌كانی نێوان‌ هه‌رێمی كوردستان و ئێران كرد‌ و ئاماده‌ییی خۆیان بۆ په‌ره‌پێدانی‌ زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كان به‌ تایبه‌تی له‌ بواره‌كانی ئابووری و پیشه‌سازی و بازرگانیدا نیشان دا.

شاندی میوان ده‌سخۆشییان له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد بۆ هه‌نگاوه‌كانی ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا و چاره‌كردنی به‌شێک له‌ كێشه‌كانی نێوان هه‌ر دوو لا و دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ ئێران خوازیاری ئه‌وه‌یه‌ سه‌قامگیرییێكی ته‌واو له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌بێت.

لای خۆیه‌وه سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ و هاوكارییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی له‌ ڕۆژه‌ سه‌خته‌كاندا بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد و ئاماده‌ییی هه‌رێمی كوردستانی بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا به‌ تایبه‌تی له‌ بواری ئابووری و بازرگانیدا نیشان دا و دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌ گشتی ده‌خوازن سه‌قامیگریی ئابووری له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌بێت و له‌م باره‌یه‌وه‌ ئێران كه‌ خاوه‌نی ئه‌زموونێكی ده‌وڵه‌مه‌نده ده‌توانێت هاوكاری عێراق و هه‌رێمی كوردستان بێت.

نێچیرڤان بارزانی سوپاسی شاندی ئێرانی كرد بۆ به‌شداری كردنیان له‌ كۆنفڕانسی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران و هیوای خواست كۆنفڕانسه‌كه‌ سوودی بۆ هه‌ر دوو لا هه‌بێت و هه‌روه‌ها سوپاسی باڵیۆز و كۆنسووڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران و هه‌موو ئه‌و دۆستانه‌یشی كرد كه‌ هاوكار بوون بۆ به‌ره‌و‌پێشه‌وه‌بردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ بواره‌كانی زانستی و ئابووری و بازرگانی و چاره‌كردنی به‌شێک له‌و كێشانه‌ی كه‌ هه‌بوون.

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 13780

Your Comment

You are replying to: .
captcha