بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەژێر ناوی لابردنی نیگەرانییەکان تورکیا لە ڕێکەوتی 20 جانیڤێریی 2018 بە یارمەتیی سەربزیوانی سوپای ئازادی سووریا هێرشی کردە سەر ناوچەی کورد نشینی عەفرین و پاش نزیک بە دوو مانگ ئەو شارەی داگیر کرد. بەرپرسانی تورکیا بەردەوام هەڕەشەیان دەکرد کە هێرش دەکەنە سەر ناوچەکانی دیکە ژێر کونترۆڵی کوردەکانی سووریا لەوان شاری مەنبج و ناوچەکانی باکووری فورات.
ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا حەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو تورکیا تەنها ئەو کاتە هێرش دەکاتە سەر میلیشیا کوردەکان کە ئەوان کە مەترسی بۆ سەر وڵاتەکەی دروست بکەن.
جاهد ئەرمەغان دیلک، بەڕێوەبەری ئەنستیتۆ سەدەی 21 لەو بارەیەوە بە هەواڵدەریی شین هۆوای وتووە: وتەکانی ئەم دواییەی ئەرۆغان و گۆڕانکارییەکان پیشان دەدەن تورکیا دژ بە هێزە کوردەکان لە باشووری سووریا هێرشی سەربازیی ئەنجام نادات.
بەگوێرەی وتەکانی ئەو کارناسەی پرسەکانی تورکیا کە پێشتریش ئەفسەری ئەرتەشی تورکیا بووە، هێرشەکانی ئەم دواییەی سێ وڵاتی ڕۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکا بۆ سەر سووریا پیشان دەدات ڕوانگەی ئەنقەرە لەبارەی وڵاتی سووریاوە بە ئەمریکا نزیکترە تا ڕووسیا.
حەسەن کانی مامۆستای زانستگای "کلتور"ی ئەستەمبۆڵ بەو هەواڵدەرییەی وتووە: هەموو دیاردە و ڕووداوەکان پیشان دەدەن کە ئەنقەرە پەیڕەوی ئەو سیاسەتانە دەکات کە ئەمریکا داڕێژەریەتی و ئەمریکاش نایەوێت بە بۆنەی پشتگیری کردنی لە کوردانی سووریا تەنگەژە لەگە تورکیا دروست بکات.
شاهد دیلەک دەڵێت ئەگەر تورکیا لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەمریکا هاوڕا بێت و واز لە کوردەکانی سووریا بێنێت، ئەمریکا یارمەتی تورکیا دەدات بۆ شەڕ کردن لەگەڵ پەکەکە لە ناوخۆی تورکیا و باکووری عێراق کە پیشاندەری هاوڕێ بوونی ئەو دوولایەنەیە.
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment