سیاسه‌تی کوردی له‌ عێراق پێویستی به‌ خیتابێکی نوێیە/ یه‌کگرتوویی تایفی له‌ هه‌ڵبژاردنی عێراق نه‌ماوه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- عه‌دنان عوسمان ڕێبه‌رێکی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و کاندیدای ئه‌و حیزبه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی خولی چواره‌می په‌رله‌مانی عێراق، سیاسه‌تی و خیتابی پارتی دیموکرات و یه‌کێتیی نیشتمانی وه‌کوو دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری هه‌رێم له‌ ماوه‌ی 27 ساڵی رابردووی به‌ شکست خواردوو وه‌سف کرد و جه‌ختی کرد که‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا پێویستی به‌ گوتارێکی‌تره‌وه‌ هه‌یه‌.

کوردپرێس: کێبه‌رکێی نێوخۆی قه‌ومییه‌ت و ئایینزاکان دیارده‌ی به‌رچاوی خولی چواره‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانه‌ له‌ عێراق. له‌م نێوانه‌دا هه‌رێمی کوردستان به‌ هۆی ڕووداوه‌کانی یه‌ک ساڵی ڕابردوووه‌وه‌ -که‌ گرینگتریان ڕێفراندۆمه‌که‌ی 25ی ئه‌یلوول و ڕووداوه‌کانی 16ی ئاکته‌وبر و گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی عێراقی بۆ ناوچه‌ک جێناکۆکییه‌کان بوو- زیاتر له‌ هه‌موو کاتێک لێکترازان و ناکۆکیی حیزب و قه‌باره‌ سیاسییه‌کانی هه‌رێمی کوردستانی لێکه‌وته‌وه‌. دۆخه‌که‌ی ئێستا که‌شی هه‌ڵبژاردنی له‌ هه‌رێمی کوردستان کردۆته‌ که‌شێکی دوو جه‌مسه‌ری. ڕه‌وتی کلاسیک و نه‌ریتی که‌ ڕه‌وتی ده‌سه‌ڵاتداره‌ و ڕه‌وتی ئۆپۆزسیۆن و دژبه‌ر که‌ ڕه‌وتی ڕخنه‌گر پێکدێنن. کوردپرێس له‌ درێژه‌ی زنجیره‌ دیمانه‌کانی له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی لایه‌ن و قه‌باره‌ سیاسییه‌ جۆربه‌جۆره‌کانی ڕه‌وتی ده‌سه‌ڵاتدار و ڕه‌وتی ئۆپۆزسیۆن ئه‌مجاره‌یان گفتوگۆیێکی له‌گه‌ڵ عه‌دنان عوسمان نوێنه‌ری پێشووی بزووتنه‌وه‌ی گۆران له‌ په‌رله‌مانی کوردستان و ڕۆژنامه‌نووس و شرۆڤه‌کاری سیاسی کردوووه‌ که‌ ناوبراو یه‌ک له‌ به‌ربژێرانی ئه‌م خوله‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقه‌ له‌ پشکی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان. دیمانه‌که‌ له‌ خواره‌وه‌ بخوێنه‌ره‌وه‌:

* کوردپرێس: جیاوازیی ئه‌م خوله‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له‌گه‌ڵ خوله‌کانی پێشوو چۆن ده‌بینن؟

- عه‌دنان عوسمان: جیاوازییێکی گه‌وره‌ له‌ ڕووداوه‌کاندایه‌. له‌ مه‌وقعی په‌رله‌مانی عێراقدایه‌ له‌ ڕووداوه‌کان له‌ دوای پرسی ڕیفراندۆم و شکستی ڕیفراندۆمی بارزانی و ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ی له‌ ناوچه‌ جێناکۆکییه‌کان هات ئێستا به‌غدا ناوه‌ندێکی گرینگه‌ بۆ بڕیاردان له‌ سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌رێم و به‌غدا. به‌تایبه‌تیش له‌ دوای ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ی که‌ له‌ هه‌رێمی کوردستاندا هه‌یه‌ بۆیه‌ ئه‌مجاره‌ بوونی نوێنه‌رانی کورد له‌ به‌غدا و هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان و کار کردن له‌ به‌غدا بۆ باشترکردنی په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌رێم و به‌غدا گرینگییێکی زیاتری هه‌یه‌ له‌ خوله‌کانی ڕابردوو.

* کوردپرێس: له‌به‌ر ڕۆشناییی ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ی که‌ ئاماژه‌تان پێی دا، له‌ لایه‌نه‌ کوردییه‌کاندا ئایا له‌ ڕووی گوتاره‌وه‌ چ گۆڕانکارییێک به‌ سه‌ر گوتاری ئه‌م لایه‌نانه‌دا هاتوووه‌؟

- عه‌دنان عوسمان: گرینگ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ دوو هێزی سه‌رکیمان هه‌بوو ساڵانێکی دوور و درێژه‌ سه‌رپه‌ره‌شتیی دۆسیه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌رێم و به‌غدایان ده‌کرد و گرینگترین پۆسته‌کانی به‌غداش لای ئه‌و دوو حیزبه‌ بوو. له‌ ئێستادا ده‌بینین دوای ساڵانێک له‌ به‌شداری کردنیان له‌ دروست کردنه‌وه‌ی عێراقی نوێ، په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌رێم و به‌غدا تا دێ ڕوو له‌ خراپی ده‌کات بۆیه‌ ئه‌مه‌ ئاماژه‌یێکه‌ بۆ شکستی ئه‌و شێوازه‌ له‌ ئیداره‌دان و به‌ڕێوه‌بردن و حوکمڕانییێک که‌ ئه‌و دوو حیزبه‌‌ کردوویانه‌. ئه‌و خیتابه‌ی که‌ ئه‌و حیزبانه‌ هه‌یانه‌ من پێیم وایه‌ خیتابێکه‌ که‌ ناتوانێت هه‌م خزمه‌ت به‌ هه‌رێمی کوردستان و هه‌میش خزمه‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌کان بکات. له‌ ئێستادا ئێمه‌ پێویستمان به‌ گوتارێکی‌تره‌ ئه‌ویش جه‌خت کردنه‌ له‌ سه‌ر مافه‌کانی هه‌رێمی کوردستان که‌ له‌ عێراقی نوێیدا هه‌یه‌ و له‌ ده‌ستووری عێراقیشدا چه‌سپێندراوه‌. کۆمه‌ڵێک به‌ند و خاڵ هه‌یه‌ که‌ ده‌بێ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان به‌تایبه‌ت ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسییانه‌ی که‌ ڕۆڵیان ئه‌بێ له‌ په‌رله‌مانی عێراقدا ده‌بێ جه‌خت له‌ سه‌ر پیاده‌ کردنی ده‌ستوور و زامن کردنی ئه‌و مافانه‌ی که‌ به‌ هه‌رێمی کوردستان دراوه‌.

* کوردپرێس: وه‌کوو سیاسی و چاودێرێک ئایا گوتارێکی وا که‌ ئاماژه‌تان پێدا له‌م خوله‌ی هه‌ڵبژاردنه‌دا له‌ هه‌رێمی کوردستان ده‌بینرێت؟

- عه‌دنان عوسمان: به‌ڵێ. به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌بینرێت یانێ ئێستا ئه‌کرێت به‌شێک له‌ لایه‌نه‌کان گوتارێکی ته‌قلیدییان هه‌یه‌ و ئه‌و گوتاره‌ ته‌قلیدییه‌ دووباره‌ ده‌که‌نه‌وه‌. به‌ڵام هه‌ندێ لایه‌نی تریش بۆ نموونه‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان زۆرتر کار له‌ سه‌ر پرسه‌ ئابوورییه‌کان و پرسه‌ داراییه‌کان و ئیستحقاقاتی هه‌رێمی کوردستان یانێ با بڵێین ئه‌و مافانه‌ی که‌ هه‌رێمی کوردستان وه‌ری‌گرتوووه‌ له‌ ده‌ستووری عێراقدا، ده‌کات. یانێ کارکردنی هه‌ندێک له‌ لیسته‌کان ته‌نها له‌ سه‌ر دروشمی سیاسی نییه‌ به‌ڵکوو له‌ سه‌ر پشکی ئابووری و داراییی ئێمه‌یه‌ له‌ به‌غدا.

* کوردپرێس: ئه‌گه‌ر سه‌یری ساحه‌ی سیاسیی عێراق و به‌غدا بکه‌ین ئایا تایبه‌تمه‌ندییێکی هه‌یه‌ که‌ جیاوازی بکات له‌ ڕکابه‌ری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی پێشوو له‌ خوله‌کانی پێشوودا؟

- عه‌دنان عوسمان: له‌چاو خوله‌کانی پێشوودا جیاوازییێکی هه‌یه‌. به‌تایبه‌تیش لایه‌نه‌ شیعه‌کان که‌ پێشتر هه‌وڵیان ده‌دا له‌ لیستی یه‌کگرتوو و پێکه‌وه‌ ململانێ بکه‌ن و ململانێکانیان به‌شێکی ئاراسته‌ی لایه‌نه‌ سوننه‌کان بوو و ئێستا له‌ نێو خویاندا ململانێکی توندیان هه‌یه‌ و ململانێکی بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی مه‌رجه‌عییه‌تی شیعه‌ و تا ئێستا به‌ حوکمی ئه‌وه‌ی که‌ پۆسته‌ گرینگه‌کان وه‌کوو پۆستی سه‌رۆک وه‌زیران به‌ری شیعه‌ بکه‌وێت و ئیحساس ده‌کرێت که‌ لایه‌نه‌کان له‌ عێراقدا به‌و شێوازه‌ تایفییه‌ی جاران ئه‌و ڕیزبه‌ندییه‌ تایفییه‌ دیاره‌ ماوه‌ ئه‌و ڕیزبه‌ندییه‌ تایفییه‌ به‌ڵام ئه‌و یه‌کگرتوووه‌ تایفییه‌ نه‌ماوه‌. ئێستا بۆ نموونه‌ لایه‌نی شیعه‌ ڕکابه‌ری یه‌کترن. لایه‌نی سوننه‌ ڕکابه‌ری یه‌کترن. لایه‌نی کوردیش له‌ کوردستاندا ڕکابه‌ری یه‌کترن. پێم وایه‌ ئه‌مه‌ بۆ نه‌خشه‌ی دیموکراسی له‌ عێراقدا گرینگییێکی ئه‌بێت. له‌وه‌ی که‌ ئه‌کرێت له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌کان ڕیزبه‌ندییێکی تر له‌ نێوان ئه‌و لایه‌نانه‌ بکرێت به‌ تایفه‌ جیاوازه‌کانه‌وه‌، به‌ڵام له‌ سه‌ر بنه‌مای سیاسه‌تی هاوبه‌ش.

* کوردپرێس: پێگه‌ی لایه‌نی سوننه‌ له‌م خوله‌دا چۆن ده‌بینن؟

- عه‌دنان عوسمان: لایه‌نی سوننه‌ به‌رده‌وام له‌ پڕۆسه‌ی دوای ڕژیمی سه‌دام حسێنه‌وه‌ تا ئێستاکه‌ لایه‌نێکی سلبی و بێ هێز بوون. دوای شه‌ڕه‌کانی داعش لایه‌نی سوننه‌ په‌رته‌وازه‌تر و بێ هێزتر بوون. سیاسه‌ته‌کانی لایه‌نه‌ سوننه‌کان له‌ ڕاستیدا سیاسه‌تی په‌رچه‌کدار بوووه‌ نه‌ک سیاسه‌تی کردار. بۆیه‌ له‌م خوله‌شدا پێم وا نییه‌ ئه‌وان هێزێکی گه‌وره‌یان هه‌بێت.

* کوردپرێس: ئه‌و فاکته‌رانه‌ چین که‌ پاش ئه‌م خوله‌ی هه‌ڵبژاردن کاریگه‌ری له‌ سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌ولێر و به‌غدادا ده‌نێت؟

- عه‌دنان عوسمان: ده‌بێ چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ بکه‌ین که‌ ئه‌و لایه‌نه‌ی که‌ ده‌بێته‌ ده‌سه‌ڵات له‌ عێراقدا به‌ چ ئاراسته‌یێک کار ده‌کات. ئێمه‌ ده‌بێ له‌بیرمان بێت له‌ عێراقدا خه‌ریکه‌ ورده‌ ورده‌ سه‌نتڕاڵیه‌تی و قورستربوونی ده‌سه‌ڵات له‌ لایه‌ن گرووپێکه‌وه‌ و له‌ لایه‌ن ناوه‌نده‌وه‌ که‌ به‌غدایه‌ خه‌ریکه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات و ئه‌بێ ئه‌مه‌ ڕێگای لێبگیرێت و ئه‌و لامه‌رکه‌زییه‌ته له‌ ده‌ستووردا دانراوه‌ و ئه‌و سیسته‌مه‌ فیدڕاڵییه‌ له‌وێ دانراوه‌ ده‌بێ جێبه‌جێ بکرێت. خاڵێکی گرینگ ئه‌وه‌یه‌ که‌ هێزه‌ کوردییه‌کان چه‌ند ئه‌توانن کار له‌ سه‌ر جێبه‌جێ کردنی ئه‌و به‌ندانه‌ بکه‌ن له‌ ده‌ستوور که‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ مافی هه‌رێمه‌وه‌. واتا ئێمه‌ ده‌بێ لێره‌دا کار له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ بکرێت که‌ ئه‌گه‌ر هه‌رێمی به‌هێزمان نه‌بێت هه‌رێمێکی پڕ له‌ ئیراده‌ و پڕ له‌ موئه‌سساتمان نه‌بێت له‌وانه‌یه‌ خیتابی کوردی له‌به‌غدا خیتابێکی لاواز بێت، خیتابێکی په‌رته‌وازه‌ بێت بۆیه‌ کار کردنی لایه‌نی کوردی دوو جه‌مسه‌ره‌ بێت جه‌مسه‌رێکی په‌یوه‌سته‌ به‌ به‌هێزکردنی ناوی هه‌رێمی کوردستان و ئه‌وه‌که‌ی تریشی به‌هێزکردنی پێگه‌ی کورده‌ له‌ عێراقی تازه‌ و له‌ موئه‌سساتی عێراقیدا. ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی نێوانی هه‌رێم و به‌غدا ده‌بێ له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوور و دامه‌زراوه‌کاندا ببرێته‌ پێشه‌وه‌ و ده‌بێ ئه‌و دامه‌زراوانه‌یه‌ی که‌ زامنی فیدڕاڵییه‌تن له‌ عێراقدا بۆ نموونه‌ ئه‌نجومه‌نی ئیتیحادی یان ئه‌نجومه‌نی فیدڕاڵی که‌ له‌ ده‌ستووردا دانراوه‌ ئه‌وانه‌ ده‌بێ دروست بکرێت تا ئه‌و ڕێکخراوانه‌ دروست نه‌کرێت مافی پێکهاته‌کان و مافی ته‌نانه‌ت پارێزگاکانیش نه‌ک ته‌نانه‌ت هه‌رێمه‌کان پارێزراو نابێت له‌ عێراقدا، بۆیه‌ ده‌بێ کورد له‌ به‌غدا گرینگیێکی زۆر زۆر به‌و دامه‌زراوانه‌ بدات که‌ زامنی مافه‌کانی هه‌رێمن له‌ عێراقدا.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 13571

Your Comment

You are replying to: .
captcha