به‌غدا سه‌نگه‌ری یه‌که‌می به‌رگری کردن له‌ هه‌رێمی کوردستانه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌ندامێکی سه‌رکردایه‌تیی پارتی ده‌ڵێت: پارتی به‌غدا به‌ سه‌نگه‌ری یه‌که‌می به‌رگری کردن له‌ کوردستان ده‌زانێت و سه‌ره‌ڕای به‌شداری نه‌کردن له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراق له‌ که‌رکووک قازانجی کورد له‌و ناوچه‌یه‌ ده‌پارێزێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، هێمن هه‌ورامی ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تیی پارتی له‌ میانی به‌شداری کردنی له‌ گه‌شتێکی هه‌واڵه‌کانی تۆڕی میدیاییی رووداو له‌باره‌ی به‌شداری پارتی له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو په‌رله‌مانی عێراق ڕای‌گه‌یاند: پارتی به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌ که‌رکووک و دیکه‌ی ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کان ناکات به‌ڵام خه‌ڵکی کوردستان دڵنیا ده‌کاته‌وه‌ ده‌نگی پارتی له‌ که‌رکووک به‌ قازانجی کۆی گشتی پێگه‌ی کورد له‌ کوردستان و له‌ عێراقیشدا به ‌کار ده‌هێندرێت.

هێمن هه‌ورامی ده‌شڵێت: پارتی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بوو هه‌موو هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق بایکۆت بکات که‌ به‌ یه‌کڕیزیی هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان پێکه‌وه‌ بایکۆتی پرۆسه‌ی سیاسی عێراق بکرایه‌ ئه‌وه‌ش وه‌ک وه‌ڵامێک بۆ ئه‌و هێرشانه‌ی له‌ 16ی ئۆکتۆبه‌ر کرانه‌ سه‌ر که‌رکووک به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌شێک له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان له‌گه‌ڵ بایکۆت نه‌بوون.

ناوبراو وتیشی: ئێمه‌ داوامان کرد با هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان به‌ یه‌ک لیستی کوردستانی وه‌کوو هاوپه‌یمانێتییێک به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی عێراق بکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی یه‌کڕیزیی خه‌ڵکی کوردستان پیشان بده‌ین به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی حیزبایه‌تی نه‌هاتنه‌ ژێر ئه‌و باره‌. هاوکات داواشمان کرد ئه‌گه‌ر له‌ هه‌موو کوردستانیش نه‌توانین به‌ هاوپه‌یمانێتییێک به‌شدار بین با له‌ ناوچه‌ کوردستانییه‌ داگیرکراوه‌کان به‌ یه‌ک لیست به‌شدار بین به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێک هێز پێش ئێمه‌ که‌وتن و چوون لیستێکیان دروست کرد به ‌بێ ئه‌وه‌ی گوێ به‌وه‌ بده‌ن لیستی یه‌کڕیزی دروست ببێت که‌ نه‌توانرا له‌ ناوچه‌ کوردستانییه‌کانیش یه‌ک لیستی دروست ببێت ئه‌وکات پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری دا له‌ که‌رکووک بایکۆتی هه‌ڵبژاردنه‌کان بکات".

هێمن هه‌ورامی له‌باره‌ی به‌شداری پارتی له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق گوتی: "پارتی بۆیه‌ به‌شدار ده‌بێت له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنێت که‌ ئێمه‌ به‌غدا به‌ سه‌نگه‌ری یه‌که‌می به‌رگری کردن له‌ کوردستان ده‌زانین، به‌غدا به‌ سه‌نگه‌ری یه‌که‌می به‌ده‌ستهێنانی مافی چاره‌نووسی گه‌لی کوردستان ده‌زانین، به‌غدا به‌ سه‌نگه‌ری به‌ده‌ستهێنان و زیاتر کردنی ده‌ستکه‌وته‌ نه‌ته‌وه‌یییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان ده‌زانین".

ناوبراو ڕاشی‌گه‌یاند: "پارتی شانازی به‌وه‌ ده‌کات که‌ داینه‌مۆی ئه‌ساسی گشتپرسی بوووه‌، پرسی ڕیفراندۆم نه‌ ده‌ستمان لێی هه‌ڵگرتوووه‌ نه‌ په‌شیمانیشین لێ و نه‌ ڕه‌تیش کراوه‌ته‌وه‌. ئێمه‌ پێش ڕیفراندۆمیش سه‌رکردایه‌تی و کۆمیته‌ی باڵای ریفراندۆم گوتوویه‌تی ڕیفراندۆم به‌ مانای ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی له‌ رۆژی 26ی ئه‌یلوول نایه‌ت، دوای ریفراندۆم قۆناخی ده‌ست پێکردنی گفتوگۆیه‌، واته‌ ئێمه‌ ئه‌و گفتوگۆیانه‌ ده‌که‌ین و به‌شدارێکی کارا ده‌بین له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراقدا".

هێمن هه‌ورامی جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ "ڕیفراندۆم ده‌ستی لێ هه‌ڵنه‌گیراوه‌ و ئه‌وه‌شمان گوتوووه‌ له‌ پاش ڕیفراندۆم قۆناخی ئینتیقالی ده‌ست پێده‌کات. له‌و قۆناخه‌دا هه‌رێمی کوردستان ده‌بێت ڕۆڵێکی گه‌وره‌ له‌ پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراقدا بگێڕێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌ گفتوگۆ و شێوازێکی ئاشتییانه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا یه‌کلایی بکه‌ینه‌وه‌".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 13351

Your Comment

You are replying to: .
captcha