وته‌بێژی ڕێکخراوی به‌در: كورد ده‌نگی خۆی له‌ كه‌ركووک ده‌هێنێته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- كه‌ریم نووری كاندیدی قه‌واره‌ی فه‌تح و وته‌بێژی رێكخراوی به‌در ڕه‌تی كرده‌وه‌ ئه‌و دۆخه‌ ئه‌منییه‌ی له‌ كه‌ركووک هه‌یه‌ ڕێگر بێ‌ له‌ قه‌واره‌ كوردییه‌كان بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن و له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ که‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایار كورد ده‌نگی خۆی له‌ كه‌ركووک به‌ده‌ست بهێنێته‌وه‌ كه‌ ئێستا هه‌شت كورسی هه‌یه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، که‌ریم نووری وته‌بێژی ڕێکخراوی به‌در هه‌ڤپه‌یڤینێکی له‌گه‌ڵ ڕووداو ئه‌نجام دا و سه‌باره‌ت به‌و ده‌نگۆیانه‌ی ده‌گوترێ‌ كه‌ هادی عامری سه‌رۆكی رێكخراوی به‌در یه‌كێک ده‌بێ‌ له‌ كاندیده‌كانی سه‌رۆک وه‌زیرانی داهاتوو گوتی: له‌ نێو رێكخراوه‌كه‌یان ئه‌و بابه‌ته‌ باس نه‌كراوه‌. هه‌ر گفتوگۆیێک و قسه‌كردنێک ده‌رباره‌ی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران پێش به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكرێت ڕاست نییه‌ بۆیه‌ پێویست ناكات پێش رووداوه‌كان بكه‌وین، با چاوه‌ڕوان بین دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان و هاوپه‌یمانێتییه‌كان، دروستبوونی ئه‌و هاوپه‌یمانێتیانه‌، كه‌سێك بۆ سه‌رۆكوه‌زیرانی داهاتوو دیاریده‌كات.

وته‌بێژی ڕێکخراوی به‌در له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به‌ کاندید بوونی هادی عامری گفتوگۆیێک له‌ نێوان خۆتان کراوه‌ ده‌شڵێت: نه‌خێر، كاره‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی داهاتوو.

ناوبراو‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که‌ ئه‌مجاره‌ ململانێی نێو لایه‌نه‌ شیعیه‌كان به‌هێزتره‌ له‌ جارانی پێشوو و ئه‌مه‌ كاریگه‌ری چی ده‌بێت له‌سه‌ر پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتوو وتیشی: ڕكابه‌ریی نێو لایه‌نه‌ شیعه‌كان له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ كارێكی ئاسایییه‌ هه‌روه‌ک چۆن ئه‌و ڕكابه‌رییه‌ له ‌نێو لایه‌نی كوردی و سوننه‌ هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ كارێكی دیموكراسییه‌. گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ڕكابه‌رییه‌كه‌ لایه‌نی ئه‌خلاقی و ده‌ستووری تێدا پێشێل نه‌كرێ، به‌ڵێ ده‌بێ له ‌چوارچێوه‌ی ڕكابه‌ری كردنێكی دیموكراسییانه‌ بێت.

که‌ریم نووری سه‌باره‌ت به‌ ده‌نگی کورد له‌ ناوچه‌ ناكۆكی له‌سه‌ره‌كان به‌ تایبه‌تی له‌ كه‌ركووک ده‌شڵێت: بێگومان هه‌ر قۆناخێكی هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامێكی ده‌بێت، هه‌ڵبژاردن متمانه‌ی ده‌نگده‌ره‌، گوشاری سیاسی كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌نگه‌كه‌ی نابێت، هه‌ر كه‌سه‌ و خاوه‌نی تێڕوانینی خۆیه‌تی، وای ده‌بینین له‌ كه‌ركووک هه‌مان ئه‌و ڕێژه‌یه‌ی هه‌بوووه‌ بۆ كورد به‌ده‌ست بهێندرێته‌وه‌.

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان ده‌ڵێن زه‌مینه‌ی بانگه‌شه‌ی ئازاد له‌ كه‌ركووک و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان كه‌مه و ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ ده‌بێت جه‌ختی کرده‌وه‌: ئێستا ده‌توانن جووڵه‌ بكه‌ن ئه‌و قسه‌یه‌ راست نییه‌، ئه‌گه‌ر كه‌ركووک به‌ ره‌وشێكی ئه‌منی تایبه‌تدا تێپه‌ڕ بووبێت ئه‌وه‌ ڕێگر نابێت له‌ ئازادی و متمانه‌ی ده‌نگده‌ر. هیوادارین به‌شداربوونێكی كاریگه‌ر ببینین له‌و هه‌ڵبژاردنه‌.

که‌ریم نووری له‌باره‌ی زۆرینه‌ی سیاسی كه‌ نووری مالیكی داوای ده‌كات ده‌شڵێت: پێویسته‌ ئه‌و پرسیاره‌ ئاراسته‌ی خودی به‌ڕێز مالیكی بكرێ یان یه‌كێک له‌ سه‌ركرده‌كانی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا.

ناوبراو له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی که‌ هادی عامری له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی زۆرینه‌ی سیاسییه‌ ڕاشی‌گه‌یاند: من خۆم سه‌ر به‌ رێكخراوێكم كه‌ هادی عامری سه‌ركردایه‌تی ده‌كات، بێگومان ئه‌و تێڕوانینی خۆی هه‌یه‌، ڕه‌نگه‌ هاوڕا بێت یان بیركردنه‌وه‌یێكی جیاوازی هه‌بێت بۆیه‌ ناكرێ موناقه‌شه‌ی كارێک بكه‌ین كه‌ كه‌سێكی دیكه‌ پێشنیازی بۆ كردووه‌.

که‌ریم نووری سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که‌ ئه‌مریكا ده‌ڵێت ئێران ده‌ستوه‌ردان له‌ قازانجی نزیكی خۆی ده‌كات وتی: تۆمه‌تبار كردنی یه‌كدی له‌ نێوان واشنتن و تاراندا هه‌یه‌، هیوادارین كاریگه‌ری له‌سه‌ر عێراق نه‌بێت، ده‌ستوه‌ردان هه‌یه‌ له‌ عێراق، ده‌ستوه‌ردانی توركیا، ده‌ستوه‌ردانی ئێران، ده‌ستوه‌ردانی وڵاتانی كه‌نداو، مافی هه‌ر وڵاتێكه‌ هه‌ژموونێكی ئه‌رێنیان هه‌بێت به‌ڵام مافیان نییه‌ ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری نێوخۆی عێراقدا بكه‌ن. هیوادارین هاوكارییه‌ هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ پاڵپشتی كردنی عێراق بێت. ئه‌مڕۆ ناكۆكییه‌ هه‌رێمییه‌كان و دابه‌ش بوونه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌رباره‌ی عێراق ڕاست نییه بۆیه‌ هه‌موووان ده‌بێ هاوڕا بن بۆ دووباره‌ بونیاتنانه‌وه‌ی عێراق.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 13322

Your Comment

You are replying to: .
captcha