نە لە ئێران یارمەتیی داراییمان وەرگرتووە نە لە هیچ وڵاتێکی تر

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رکرده‌یێکی هاوپه‌یمانیی هه‌ڵبژاردنی "الفتح" به‌ سه‌رکردایه‌تیی هادی عامری تۆمه‌ته‌کان له‌باره‌ی وه‌رگرتنی یارمه‌تیی دارایی له‌ ئێران بۆ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتووی په‌رله‌مان ڕه‌ت ده‌کاته‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، عامر فایز له‌ لێدوانێکی ڕۆژنامه‌وانیدا وه‌رگرتنی هه‌ر جۆره‌ یارمه‌تی دارایی له‌ ئێران بۆ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتووی په‌رله‌مان ڕه‌ت ده‌کاته‌وه‌ و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: ئه‌و جۆره‌ تۆمه‌تانه‌ که‌ ده‌خرێته‌ پاڵ هاوپه‌یمانیی هه‌ڵبژاردنی "الفتح" له‌ چوارچێوه‌ی ململانێی سیاسی له‌ عێراقدا ئه‌نجام ده‌درێت.

ناوبراو جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ هاوپه‌یمانیی "الفتح" بۆ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتووی په‌رله‌مان هیچ جۆره‌ یارمه‌تییێکی دارایی له‌ ئێران و دیکه‌ی وڵاتان وه‌رنه‌گرتوووه‌ و هه‌ندێک له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی عێراق به‌ ململانێی سیاسی له‌ سه‌روبه‌ندی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ تۆمه‌تبار ده‌کات.

عامر فایز جه‌ختی کرده‌وه‌: ئه‌و لایه‌نانه‌ ناتوانن تۆمه‌ته‌کانیان له‌باره‌ی پشتیوانیی داراییی هه‌ندێک له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی و بیانی به‌ هاوپه‌یمانیی "الفتح" بسه‌لمێنن و له‌وباره‌وه‌ به‌ڵگه‌ی پێویست ئاراسته‌ بکه‌ن.

سه‌رچاوه‌: هه‌واڵده‌ریی "اسکای پرس"

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 13319

Your Comment

You are replying to: .
captcha