کوردپرێس- عەبدولعەزیز حەسەن، پەرلەمانتاری یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بەSNNی راگەیاند: لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە، رێكەوتنێك لەنێوان توركیاو عیراق بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی ناوچە سنوورییەكان ئەنجام دراوە.
وتیشی:"یەكێك لەخاڵەكانی ئەو رێكەوتنە ئەوەیە كە سوپای توركیا دەتوانێت سنووری هەرێم ببەزێنێت و دژی پەكەكە چالاكی سەربازیی ئەنجامبدات".
راشیگەیاند: كاتێك عیراق بە شەرمنانەوە باس لە بوونی بنكەی سەربازیی توركیا لە باشیك دەكات، هۆكارەكەی بوونی ئەو رێكەوتنەی نێوان هەردوولایانە.
پەرلەمانتارەكەی یەكێتی ئاماژە بەڕێكەوتنێكی دیكەی نێوان توركیاو عیراق دەكات و دەڵێ:"پێشتریش توركیاو رژێمی پێشووی عیراق رێكەوتنیان هەبووە، بەوەی سوپای توركیا مافی ئەوەی هەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی، بە قوڵایی 15 كیلۆمەتر بێتە ناو خاكی عیراق، بەڵام دواتر بگەڕێتەوە، بۆیە ئێستا سەرۆك وەزیرانی عیراق واپیشانی دەدات كە توركیا بەپێی ئەو رێكەوتنە سنووری عیراقی بەزاندوە".
لەبارەی نكوڵیكردنی حەیدەر عەبادی بۆ بەزاندنی سنووری هەرێم لەلایەن سوپای توركیاوە، عەبدولعەزیز حەسەن وتی: سەرۆك وەزیرانی عیراق (100%) زانیاری هەیە لەسەر سنووربەزاندنەكانی سوپای توركیاو بوونی بنكەی سەربازیی ئەو وڵاتە لەهەرێم، بەڵام دەیەوێت بێ ئاگایی خۆی پێشان بدات".
راشیگەیاند: ناتوانرێت سكاڵا یاسایی دژی توركیا تۆمار بكرێت، چونكە ئەو رێكەوتنانەی كە لەنێوان توركیاو عیراق كراون یاسایین و كاریان پێدەكرێت و هەڵنەوەشاوەتەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment