ئێران هێرشە مووشەکییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ سەر سووریا بە توندی مەحکووم دەکات

بەشی ئێران- وەزارەتی دەرەوەی ئێران، هێرشە مووشەکییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا بۆ سەر سووریا بە تووندی ئیدانە دەکات و هۆشداریی دەدات لە دەرەنجامە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا هاتووە کۆماری ئیسلامی ئێران بەپێی بنەماکانی شەریعەت ، یاسا و ئەخلاق دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیاییە ، لەهەمانکاتدا بیانوو هێنانەوە بۆ دەستدرێژیکردنەسەر وڵاتێکی سەربەخۆ بەتووندی ئیدانە دەکات و شتێکی قبووڵکراو نییە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیێنێت ، بێگومان ئەمریکا و هاوپەیمانانی بەبێ هیچ بەڵگەیێکی پشتڕاستکراو و پێش ئەوەی رێکخراوی قەدەخەی چەکی کیمیایی رای کۆتایی خۆی رابگەیێنێت ، لە دژی سووریا کردەی سەربازییان ئەنجام داوە و خۆیان لە پێگەی دادوەر و پۆلیسی جیهانی داناوە ، بەرپرسیاری لێکەوتە و دەرەنجامە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانن و دەبێت وەڵامدەری لێکەوتەکانی بن.

لە راگەیێندراوەکەدا هەروەها هاتووە ، دۆخی کاتی تۆمەت بەخشینەوە و هەنگاوە سەربازییەکەی ئەمریکا لە هەردوو قۆناخی دەستدرێژی بۆ سەر سووریا ، بە باشی دەریدەخات کە هەردوو هەنگاوەکە لە دوای شکستهێنانی تیرۆریستەکانە لە حەلەب و ئەوەی ئێستا لە غوتەی رۆژهەڵات، ئەم دەستدرێژییە ئاشکرایە، هەنگاوێکە بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستی تیرۆریستەکان و پشتیوانییە لەوان، بێگومان گەلی سووریا هەر وەک 7 ساڵی رابردوو ، ئەو پیلانانەی کە بەمەبەستی گۆڕانکارییە لە بەرژەوەندی تیرۆریستەکان شکست پێدەهێنێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێیوایە ، دەستدرێژی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر سووریا لە کاتێکدایە کە ئەو وڵاتە لە چەند رۆژی رابردوو بووە بەربەست لە مەحکووم کردنی رژێمی زایۆنی کە لە چەند هەفتەی رابردوو هەزاران کەسی لە خەڵکی بێتاوانی غەزەی کوشتووە، تاوەکوو جارێکی دیکە سیاسەتی لایەنگرانە و ستانداردە دوولایەنەکانی خۆی بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی زیاتر لە جاران ئاشکرا بکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوا دەکات، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی سەربەخۆی جیهان دەبێت ئەو هەنگاوە تاکلایەنە و خۆسەرانە لە دژی سەروەری خاکی وڵاتێکی سەربەخۆی ئەندام لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کە پێچەوانەی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتووەکانە و بەبێ هیچ گومانێک دەبێتە هۆی لاوازکردنی بنەماکانی ئاشتی و ئاسایشی جیهان و دەبێتە هۆکاری ناسەقامگیری و نائارامی زیاتری ناوچەکە و هەروەها بەهێزکردنی تیرۆریسم و تووندڕەوی ، بە تووندی ئیدانە بکەن و بەرپرسیاریەتی مێژوویی خۆیان لەبەرامبەر ئەو هەنگاوانەدا بکەنە کردار.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 13241

Your Comment

You are replying to: .
captcha