نەخشەی سیاسیی هەرێمی کوردستان گۆڕدراوە/ هەڵویستی بەغدا لەگەڵ کورد نایاساییە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- کەمال ڕەئووف سەرنووسەری شارپرێس لە هەرێمی کوردستان لە لێداونێکدا لەگەڵ کوردپرێس دەڵێت بەو هۆیەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرینەی دەسەڵاتی لە هەرێمی کوردستان بەدەستەوەیە بەرپرسیاری سەرەکیی شکستەکانی حکوومەت و بەڕێوەبەرایەتیی هەرێمی کوردستانە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پێوەندییەکانی هەولێر و بەغدا لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا تووشی کێشە و گرفتی بێ وێنە لە پێش ساڵی 2003وە بووە کە ئەوەش لێکەوتەی هەندێک هۆکاری جیاوازی سیاسی و ئابوورییە.

کەمال ڕەئووف سەرنووسەری شارپرێس دەڵێت هەڵویستی بەغدا هەمبەر کورد پاش گەڕانەوەی هێزەکانی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان وەکوو ڕووبەڕوو بوونەوەی سەرکەوتوو و شکست خواردوو بووە و هەندێک لە ڕەوتەکانی عێراق دژایەتی کردن لەگەڵ کورد وەکوو کارتێک بۆ بەدەست هێنانی دەنگەکان بەکار دەبەن.

دەقی لێدوانەکەی کوردپرێس لەگەڵ کەمال ڕەئووف سەرنووسەری شارپرێس:

کوردپرێس- سەرەڕای بەشداریی کورد لە حکوومەتی عێراق پاش 2003و هاتنەدی زۆرێک لە مافەکانی بە چەسپاندنی ئەو مافانە لە دەستووری هەمیشەیی و پێوەندیی باشی هەولێر و بەغدا لە بەرەنگار بوونەوەی تیرۆر لە شەڕی داعشدا، بۆچی پێوەندییەکانی ئەو دوولایەنە پاش ڕیفراندۆم گەیشتە ئەو ئاستەی کە بینیمان؟

کەمال ڕەئووف- من پێم وایە هەم لە هەرێمی کوردستان و هەم لە عێراق گەلێک شپرزەی سیاسی هەیە و موئەسساتی پێویستمان نییە، دەستێوەردانی یاسا بە ڕوونی دەبینرێت و کۆمەڵێک مەرج هەیە لەوانە مادەی 140 بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان ئەمانە هەمووی چارەسەر نەکرا و لە موقابیلی ئەوەشدا لە هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هەندێک پێشێلکارییان کرد، کە واتە لە هەردوو لاوە هەندێک تەداخولاتی حیزبی هەبوو کە وای کرد ئاستەکە بگاتە ئەو دۆخەی کە ئێستا دەبینرێت. ئێمە پێمان وایە کە دۆخی عێراق خراپە بە تایبەتی لە باسی هاتنی داعش و داگیر کری بەشێکی زۆر لە خاکی عێراق لەو کاتەدا دیارە کە هێزی پێشمەرگە و هێزە کوردییەکان ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو بەڵام لەو کاتە پرسی نەوت و پرسی شەفافیەت پرسێکی گەورە بوو و هەروەها پرسی پێشمەرگە و لە ئاخرینی ئەوان پرسی ڕیفراندۆم، ئەو ڕیفراندومەی کە بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستان ڕازی نەبوون کە جێبەجێ بکرێ بەڵام ئیرادەیێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و بە فرسەت وەرگرتن لە لایەن عێراقەوە وایکرد کە 16ی ئاکتەوبری لێ درووست بێت و نیگەرانیی لێ درووست بێت و نێوان کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی تر بگەڕێتەوە بۆ خاڵی سیفر کە ئەتوانم بڵێم گەڕایەوە بۆ ساڵی 2003.

کوردپرێس- ئەم دوور کەوتنەوە لە بەغدا کە ئاماژەتان پێدا بە تایبەت وێنەی ێشمەرگەتان هێنایەوە و هەروەها بڕیاری ڕیفراندۆم، ئایا ئەوە خوێندنەوەی هەڵە بوو لە ڕووداوەکان یا ستراتێژییێکی تایبەت بوو کە لایەنێکی تایبەت بە دوایدا دەچوو؟

بە دڵنیاییەوە پارتی ڕۆڵی گەورەی هەبوو لە شکست هێنانی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە بەر ئەوەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان هەم لە پرسی سەرۆکایەتیدا و هەروەها دەزگای ئەمنییەکان و هێزی پێشمەرگە لە کونترۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە و هەندێک جار سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش لە لایەن پارتییەوە بووە، پارتی دیموکراتی کوردستان کارتی ڕیفراندۆمی وەکوو کارتێکی نەجات بە کار هێنا بۆ نەجاتی خۆی و نەیزانی کە خراپی لێ ئەکەوێتەوە پێی وا بوو کە دەیکاتە ئەمری واقیع و تەعامولی لە گەڵدا دەکرێت و مەسەلەی پرسی نەتەوەایەتیی دەکاتە پەردەپۆش کردنی کێشەکان. ئێمە لە ڕووی ئابوورییەوە، ئابووری سەربەخۆیی کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە پشتیەوە بوو و وەزیری نەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵیا بوو ئەم پڕۆسەیە شکستی هێنا چوونکە نەتوانرا مووچە دابین بکرێت و کردیانە مووچەیێکی پاشەکەوت کە لە سەدا 40ی مووچە خەرج دەکرێت، لە کاتێکدا لە سەدا 40یشیان بۆ دابین نەکرا و ئێستاش گەندەڵی و فەسادێک کە درووست بووە لە هەرێمی کوردستان وایکرد کە هەرێمی کوردستان ئێستا لە قەیرانێکی گەورەی ئابووری بێت و ئەو قەیرانەش شکستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند.

کوردپرێس- هەڵسانگاندنی ئێوە لە هەڵسووکەوتی حوکمڕانیی هەرێم پاش 16ی ئاکتەوبر بۆ ئاسایی کردنەوەی پێوەندییەکان چییە؟ ئایا توانی ئامانجەکانی بێنێتەدی لەبەر ئەم ڕێککەوتنانەی کە کراوە بۆ کرانەوەی فڕۆکەخانەکان و پێدانی مووچە و...؟

ئێمە لە هەرێمی کوردستان دوو قۆناغمان تێپەڕاند، قۆناغێکیان پێی دەوترێت قۆناغی ساڵی 1992 ئەو قۆناغە، قۆناغی نەبوونی پێوەندی لەگەڵ حکوومەتی مەرکەزی کە ئەو کاتە سەدام حسێن لە سەر دەسەڵات بوو و دەزگای حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست کرا و قۆناغی دووهەمیان قۆناغی 2003 بوو کە ئەو قۆناغە ئێمە لە دوای کەوتنی سەدام حسێن کۆمەڵێک شت کەوتە دەستمان و کۆمەڵێک ئیمتیازات کەوتە دەست کورد لە دوای 2003 قۆناغێکی دیکەش دروست بوو کە هاتنی داعش بوو کە شاری کەرکووک و کۆمەڵێک ناوچەی تر کەوتە دەست پێشمەرگە و ئیدارەی هەرێمی کوردستان. ئێمە لە 16ی ئاکتەوبر پاشەکشەمان بەو قۆناغە کرد کە هی شەڕی داعش بوو و بەشێک لە خاکی هەرێمی کوردستان کەوتەوە دەستی حکوومەتی مەرکەزی و ناوەند، ئێستا حکوومەتی ناوەند داوای ئەوە ئەکات کە بگەڕێنەوە بۆ ساڵی 2003 واتە پێش 2003 ، ئەگەر حکوومەتی هەرێم ڕازی نەبێت بەمە دەبێت موقاتیعەی حکوومەتی ناوەند بکەین، لە کاتی موقاتعە کردندا ئێمە ئەگەڕێنەوە بۆ ساڵی 1992 کە ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە هەموو ڕێگایێکەوە دەبڕێت، تەنانەت هاتووچۆ لە بەینی شارەکانی باشوور و ناوەندی هەرێمی کوردستاندا دەپچڕێت بۆیە پێم وابێت ئێستا ئەوان جۆرێک لە جۆرەکان ڕازی بوون کە کونترۆڵی هەندێک لە بەشەکان وەکوو خاڵە سنوورییەکان ڕادەستی حکوومەتی ناوەندی بکرێتەوە.

کوردپرێس- پاش گشتپرسی و لێکەوتەکانی کە ئێوە بە تێر وەتەسەل باستان لێکرد گۆڕانکارییێکی نوێ و لە دایک بوونی هێزی سیاسی نوێ لە هەرێمی کوردستان هاتە ئاراوە تا چەندە ئەگەری گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لە هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە هەڵبژاردنەکاندا بەدی دەکرێت؟

نەخشەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان پاش 16ی ئاکتەوبر هەندێک گۆڕانی بەسەردا هات و ئەو هاوسەنگیەی کە هەبوو نەماوە پارتی دیموکراتی کوردستان کۆمەڵێک پاشەکشێی کردووە و ناتواتنێت وەکوو ڕابردوو بێتە ناوی هەڵبژادرن. کۆمەڵێک کێشە هەیە لە هەرێمی کوردستان ئەگەری ڕوودانی سەرهەڵدانی ساختەکاری هەیە لە هەڵبژاردنەکاندا ئەوە نیگەرانیی دروست کردووە لە نێو خەڵکی هەرێمی کوردستاندا. هەندێک لە ناوچەکان لە ژێر کونترۆڵی یەکێتی نەماون لەوان کەرکووک و دیالە و نەینەوا بەو هۆیەشەوە نەخشەی سیاسی هەرێمی کوردستان گۆڕدراوە و بەو جۆرە کە ئێوەش ئاماژەتان پێدا هەندێک هێز و ڕەوتی سیاسیی نوێ لە دایک بووە کە دەتوانین ئاماژەی بدەین بە «نەوەی نوێ» بە سەرکردایەتیی شاسوار عەبدولواحد کە نوێنەرایەتی بەشێکە لە خەڵکی هەرێم. و هێزێکی دیکە بە ناوی «هاوپەیمانیی دیموکراسی» بە سەرکردایەتیی بەرهەم ساڵح کە کەسایەتییێکی دیاری هەرێمی کوردستانە. ئەم دوو هێزە بەتایبەت دوکتور بەرهەم ئەگەری هەیە کە بەشێکی زۆری دەنگەکانی یەکێتی و پارتەکانی دیکە بۆ خۆی ڕابکێشێت. ئێستا ئەوەی کە من مەعلووماتم هەبێت خەریکی ڕێککەوتنێکن لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی و لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کە ئەم هێزانە پێکەوە دەتوانن ڕەوتێک دروووست بکەن تاکوو لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بە هاوبەشی و پێکەوەیی کار بکەن ئەگەر ئەمە بکەن من پێم وایە دەتوانن دەنگ بەدەست بێنن بۆ ئەوەی کە گۆڕانکاریی لە سەروەی دەسەڵات بکەن.

کوردپرێس- ئەگەر سەیری ساحەی سیاسیی عێراق بکەین لە سەروبەندی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقداین، وەکوو پێش بینی پێگەی کورد پاش ئەم هەڵبژاردنە چۆن دەبینن؟

من پێم وابێت پێگەی کورد لاوازتر دەبێت، بەڵام سەریحتر دەبێت، ئەو پێوەندییانەی کە پێشتر پێوەندییێکی مەجازی بوون سەریحتر دەبن، بێدەنگ کردنی بەغدا لە موقابیلی بێدەنگ بوون لە موقابیلی مادەی 140 ، بێ دەنگ بوونی بەغدا لە موقابیلی مەسەلی نەوت بەو بۆنەوە کە لایەنەکانی هەرێمی کوردستان داوای کۆمەڵێک ئیمتیازی قانوونی نەکەن. من پێم وایە کە نەخشەکە گۆڕانی بەسەردا دێت و پێوەندییەکەشمان گۆڕانی بەسەردا دێت و بۆ عێراقیش باشە بۆ پێوەندییەکانی نێوان نەتەوەکانی تری عێراق باشە. چوونکە پارێزگاکانی باشوور لەو باوڕەدان هەرێمی کوردستان توانیویە هەم بەشی خۆی لە بودجە وەربگرێت هەم نەوتی خۆی بفرۆشێت بۆیە ئێستا ئەم ئاودانییە کە لە هەرێم هەیە لە پارێزگاکانی ئەواندا نییە.

کوردپرێس- پاش پەسەند کرانی پڕۆژەیاسای بودجە هەندێک دەنگ دەبیسرێت کە داوای کشانەوەی کورد لە پڕۆسەس سیاسیی عێراق دەکەن، بۆچوونتان لەسەر ئەم بابەتە چییە؟ کورد دەتوانێت لەم قۆناغەدا بەم کارتە یاری بکات و دەبێت چ سیاسەتێک بگرێتە بەر؟

بەڕای من نە بۆ کورد باشە نە بۆ عێراق و پێکهاتەکانی دیکەی عێراق کە شەڕی نەتەوایەتی بکەن لە دژی یەکتر. هەندێک لە حزبەکانی هەرێمی کوردستان دەیانەوێت لەو ڕێگایەوە دەنگ و ڕەنگی خۆیان زاڵ بکەنەوە و هەندێک لە عەرەبەکانیش بەداخەوە دەیانەوێت بە دژایەتی کردنی کورد پێگەی خۆیان لە ناو پەرلەمان و کۆبوونەوەکانی خۆیاندا بەرز بکەنەوە. ئەمە هەڵەیێکی گەورەیە کە ئێمە لە ساڵی ڕابردوودا باجی ئەوامان داوە. کورد و شیعە دۆستایەتییێکی دێرینیان هەیە لە 80 ساڵی ڕابردوودا پێکەوە بوون بۆیە نابێت ئێستا لە پێگەی زاڵم و مەزڵووم ڕووبەڕووی یەکتر بنەوە. من پێم وایە کشانەوە لە عێراق زیانێکی قورس دەبێت لەبەر ئەوەی کە دەرکەوت ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئیدارەیێکی سەرکەوتوو نییە و ئیدارەیێکی شکست خواردووە و ئیدارەیێکی شکست خواردوو ناتوانێت ئیدارەی وڵاتێکی سەربەخۆ بکات و هەروەها دەرکەوت کە وڵاتانی دەوروپشت و لایەنە پێوەندیدارەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هاوکاریمان ناکەن لەوەی کە هەنگاو بۆ سەربەخۆیی هەڵبگرین لە کاتێکی وادا. ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەو مافەمان نییە، ئەم مافە لە کاتێکدا جێبەجێ دەکرێت کە تۆ توانیبێتت سەرنجی دونیا بۆ ئیدارە و چۆنییەتی بەڕێوە بردن ڕابکێشی بەڵام ئێستا ئەم ئیدارەیە فاشل، شکست خواردوو و ئیدارەیێکی گەندەڵە.

کوردپرێس- ئاماژەتان بە ڕێککەوتنەکانی ئەم دواییەی نێوان هەولێر و بەغدا دا، پێتان وایە ئەم ڕێککەوتنانە و ئەم گفتوگۆیانە ناوچەکانی مادەی 140 بگرێتەوە و وەکوو پێشوو ئەم ناوچانە بە هاوبەشی ئیدراە بکرێت؟

بەداخەوە من دەبینم بەغدا تەعاموول لەگەڵ کورددا دەکات وەکوو ئەوەی کە هێزێکی شکست خواردووی کەوتبێتە بەردەم، ئەوە بۆچوونێکی هەڵەیە ڕاستە حیزبەکان شکستیان خواردووە بەڵام کورد شکستی نەخواردووە، کورد بەشدارییێکی کارای هەبووە لە دروست کردنی عێراقێکدا کە ئێستا دەیبینن. دەستپێکی درووست بوونەوەی عێراق لە کوردستانەوە بووە و کورد میللەتێکی مەزڵووم بووە و لە ڕابردوودا بەرەوڕووی ئیستیبدادی بەعس بوەتەوە. بۆیە حەق نییە لایەنە پێوەندیدارەکانی عێراق موعامیلە لە گەڵ کوردا بکەن وەکوو شکست خواردوو. کورد وەکوو پێکهاتەیێکی سیاسیی ئەم وڵاەتە ئیستیحقاقی خۆی هەیە ئیستیحقاقی دەستووریی هەیە. عێراق سزادانی پارتە سیاسییەکان ناکات بەڵکوو کورد و کۆمەڵگای کوردی سزا دەدات بۆیە من پێم وابێت تاکوو ئێستا بەغدا تەعامول لەگەڵ کورددا ناکات تەعامول لەگەڵ پارتە سیاسییەکاندا دەکات، ئەو پارتە سیاسییانە دیسانەوە جارێکی دیکە من تەسەور دەکەم کێشە و قەیران دروست دەکەن بە تایبەت لە ناوچە کێشە لەسەرەکاندا.

دیمانه‌: حه‌سه‌ن ساڵحی

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 13117

Your Comment

You are replying to: .
captcha