بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاڵا تاڵەبانی ڕایدەگەیێنێت:"هیچ ڕێگەیێک نەماوە بۆ چارەسەر كردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا.
ئاڵا تاڵەبانی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت "لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێم و بەغدا، جگە لە ڕێكەوتن لە سەر یاسای بودجە، هیچ ڕێكەوتنێكی نووسراو (فەرمی) نییە و ئەو لیژنانەی هاتوونەتە هەرێم بەمەبەستی وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، تەنها لیژنەن و وەفدی باڵا نین".
ناوبراو وتیشی: تەنها چەند چاوپێكەوتنێک لە پەراوێزی كۆنفرانسە نێودەوڵەتییەكان لە دەرەوەی وڵات لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێم و بەغدا كراوە و ناویان ناوە ڕێكەوتن كە بەشێكی زۆر لە حكوومەتی عێراقیش ئاگاداری نییە.
ئەو پەرلەمانتارە كوردە ئاماژەی بەوەش دا کە كێشەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و بەغدا، لە نێوان دوو كەسدا نییە، بەڵكوو كێشەی هەرێمێكە لەگەڵ حكوومەتی ناوەند، ئەوەی ئێستاش زۆر گرنگ بێت كێشەی مووچەی فەرمانبەرانە، كێشەكانی دیكەی هەرێم لەگەڵ بەغدا چارەسەر كردنیان كۆتایی پێهاتووە و باس ناكرێت، چوونكە هیچ ڕێگایێک نەماوە بۆ چارەسەر كردنیان.
ئاڵا تاڵەبانی جەختی كردەوە لە ئێستادا پێویستە وەفدێكی باڵای هەرێم سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ حكوومەتی عێراق كۆ بێتەوە، ئەوەش لە ئێستادا ئاسان نییە، چوونكە هەڵمەتی هەڵبژاردن ماوەیێكی كەمی ماوە و حكوومەتی عێراقیش سەرقاڵی ئەو پرۆسەیە دەبێت.
سەرچاوە: SNN
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment