ڕاوێژکاری سەربازیی نێچیرڤان بارزانی: عێراق نایەوێت بۆشاییە ئەمنییەکان لەگەڵ پێشمەرگە پڕبکرێنەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ژمارەی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریا زۆر زیادی کردووە، لە عێراقیش لە ناوچە کوردستانییەکان داعش سوودی لە بۆشایی ئەمنیی نێوان ھێزە عێراقییەکان و ھێزی پێشمەرگە وەرگرتوە و حکوومەتی عێراقیش نایەوێت لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە ئەو ناوچانە پڕبکاتەوە، بۆ ئەوەی مەترسی نەمێنێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانبە ماڵپەڕی رەسمیی پارتی راگەیاندووە ھاوپەیمانان ئەگەر ھەست بە مەترسیی زۆر و جددیی داعش نەکەن مۆڵگەکانیان بۆردوومان ناکەن، بۆیە ھەست بە مەترسیی جددی دەکەن و دەزانن ژمارەیان زۆر بووە و بەردەوامیش مەترسییەکەیان زیاتر دەبێت، بۆیە داعش بۆردوومان دەکەن.

زێباری وتیشی "ھۆکاری زیادبوونی داعش، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ناکۆکی لە نێوان حکوومەتی عێراق و بەشێکی زۆری پارێزگاکان ھەیە، جگە لەوەش، بەپێی زانیاریی ئێمە ژمارەی چەکدارانی داعش لە سووریا و عێراق زۆر زیادی کردووە و لە سووریاش کێشەی زۆریان لەگەڵ وڵاتان ھەیە، ئەمەش وای کردووە ژمارەی چەکدارانی داعش لەوێش زیاد ببێت".

بەقسەی زێباری، ناوچەکانی نێوان پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان، ناوچەی زۆر بەزەحمەتن و چیایین، وەکوو ناوچەی قەرەچوغ و ناوچەکانی دیکە و داعشیش بە ھۆی بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە، خۆی رێک دەخاتەوە و ئامادەکاریی خۆی دەکات و دووبارە رێکخستنەکانی خۆی دروست دەکاتەوە و پلانەکانیان دادەنێن و گومرگ وەردەگرن و ھاتوچۆ دەکەن، چوونکە بۆ ئەوان شوێنێکی ئارامە، بۆیە ئەمە ھۆکاری دووبارە سەرھەڵدانەوەی داعشە.

ناوبراو وتیشی، داعش لەناو ناوچەکانی ھێزەکانی عێراقە لە گوندە سونییەکان و بە رۆژ لەگەڵ ئەواندایە و بە شەو داعشن، بۆیە پێویستە ئەو ناوچانە بە ھێزی ھاوبەش پڕ بکرێنەوە، بەڵام حکوومەتی عێراق نایەوێت، چوونکە تا ئێستا ڕازی نین لیژنەی ھاوبەش دروست بکەن، بۆیە تەنها ھەوڵ ھەیە و ھێشتا نەبوەتە کردار.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1304

Your Comment

You are replying to: .
captcha