خەڵکی سووریا داهاتووی خۆیان دیاری دەکەن/ ئەمریکا دەیهەوێت سووریا دابەش بکات

بەشی ئێران- سەرۆک‌کۆمار جەختی لەسەر ئەوە کردەوە دەبێ شەڕی دژە تیرۆر لە سووریا بەردەوام بێت و وتیشی قەیرانی ئەو وڵاتە دەبێ لە ڕێگای گفتوگۆی هەمەلایەنە و دادوەرانە و ئازاد لە چوارچێوەی داواکارییەکانی خەڵک چارەسەر بکرێت چوونکە داهاتووی سووریا هەر دەبێ لەلایەن خەڵکی سووریاوە دیاری بکرێت و کۆمەڵگای نێونەتەوەییش دەبێ پشتیوانی ئیرادەی خەڵکەکە بێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حەسەن ڕۆحانی لەسەر بانگهێشتی سەرکۆماری تورکیا بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی سەرۆکانی ڕووسیا، تورکیا و ئێران سەردانی ئەنقەرە دەکات و لەمبارەوە لە فڕۆکەخانەی مێهراباد وتی: کۆبوونەوەکە لەسەر بابەتی سووریا ئەنجام دەبێت و ئەمەش وەکوو دووهەم کۆبوونەوە دێت لە نێوان هەرسێ وڵاتی ئێران، تورکیا و ڕووسیا سەبارەت بەم بابەتە.

سەرۆک‌کۆمار وتیشی: لە ڕاستیدا ئەم هەوڵانە هەر لە درێژەی کۆبوونەوەکانی ئەستانەیە کە هەوڵێکی زۆر درا بۆ دابەزاندنی ئاستی تەنگژە و توندوتیژی لە سووریا و چوار ناوچەی دابەزاندنی تەنگژە دیاری کران کە تێیاندا هێزەکانیئێران، ڕووسیا، تورکیا و سووریا دامەزراون.

دکتور ڕۆحانی ئاماژەی بە بەردەوام بوونی ناکۆکیی ئایینی و ئەتنیکی لە سووریا کرد و وێڕای باس لەوەی ئەمریکا هێشتاکەش دەیهەوێت حکوومەتی سووریا کۆنترۆڵی ئەو وڵاتە نەگرێتەوە دەست و تەنانەت سووریا دابەش بکات وتیشی: دەستێوەردانی ڕژێمی زایۆنیش یەکێکی دیکە لە کێشەکانی ئێستای سووریایە کە هەندێک ناوچەی سووریا بوردومان دەکات و لە تیرۆریستان پشتیوانی دەکات و ئەمەش بۆتە باری سەرباری کێشەکانی سووریا.

ڕۆحانی ئاماژەی بەوە کرد لە دانیشتنەکەی ڕۆژی چوارشەممە لە تورکیا ئێران دیسانەوە جەخت لەوە دەکاتەوە قەیرانی سووریا لە ڕێگای سەربازییەوە چارەسەر ناکرێت و دەبێ بە گفتوگۆی ئازاد و دادوەرانە و هەمەلایەنە چارە بکرێت.

سەبارەت بە شەڕی دژە تیرۆر لەو وڵاتە سەرۆک‌کۆمار وتی: ڕاستە داعش لە سووریا گورزی کوشندەی لێدراوە بەڵام دیکەی گرووپە تیرۆریستییەکان هێشتاکە چالاکن و دەبێ شەڕی دژە تیرۆر بەردەوام بێت.

سەرۆک‌کۆمار باسی لەوەش کرد داهاتووی سووریا دەبێ لەلایەن خەڵکی ئەو وڵاتەوە دیاری بکرێت و کۆمەڵگای نێونەتەوەییش دەبێ پشتیوانی داواکارییەکان و ویستی خەڵکی سووریا بێت و بەهێزیان بکات.

لەبارەی پرسە دوولایەنەکانیشەوە ڕۆحانی وتی لەم دیدارانەدا باس لە پرسی دوو لایەنەش دەکرێت و دەری‌بڕی: ڕووسیا لە بواری هێڵی ئاسن و چێکردنی وزەخانە سەرمایەی باشی لە ئێران داناوە و سەبارەت بە پرسە بازرگانییەکانی ئووراسیاش گفتوگۆ هەر بەردەوامە و بەم زووانە دەگاتە ئەنجام.

سەرۆک‌کۆمار وتی لەگەڵ تورکیاش هەندێک بابەتی گرینگ لە بواری گواستنەوە و ئابووری هەن کە لە دیدارە دوولایەنەکاندا باسیان لێدەکرێت.

کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥

News Code 12992

Your Comment

You are replying to: .
captcha