کوردپرێس:
پەرلەمانی ئەورووپا لە بەیانی کۆتاییی کۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردوودیدا لەبارەی ڕەفتارەکانی تورکیاوە لە باکووری سووریا و بەتایبەت هەڵمەتی داگیرکردنی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا نیگەرانیی دەربڕی و ئەو هەڵمەتەی بە "داگیرکردنی نایاسایی" وەسف کرد.
پەرلەمانی ئەورووپا لە بەیاننامە 13 لاپەڕەیییەکەی خۆیدا بە بۆنەی یادی دەساڵەی قەیرانی سووریاوە داوای لە دەوڵەتی تورکیا کردووە هێزەکانی خۆی لە ناوچە داگیرکراوەکانی باکووری سووریا و بەتایبەت لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کرودی سووریا بکشێنێتەوە.
پەرلەمانی ئەورووپا هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە تورکیا بەنایاسایی کوردەکانی سووریای دەستبەسەر کردووە و ئەوانی گواستۆتەوە بۆ نێو خاکی تورکیا بۆ ئەوەی لێپێچینەوەیان لێبکات. بۆیە داوای لە دەوڵەتی تورکیا کردووە دەستبەجێ ئەو کەسانە ئازاد بکات و بیانگەڕێنێتەوە بۆ سووریا.
پەرلەمانی ئەورووپا هەروەهاش لەبارەی ئاوارەبوونی کوردەکانی سووریاوە کە هۆکارەکەی ئوپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا بووە نیگەرانیی دەربڕیوە و جەختی کردۆتەوە ئەو هەڵمەتانە بە مەبەستی پاکتاوی ڕەگەزی دەکرێت.
بەیاننامەکەی پەرلەمانی ئەورووپا هەروەها هەڵمەتی تورکیا بۆ ناردنی هێزی نیابیی خۆی لە سووریا بۆ وڵاتی ئازەربایجان و لیبیا ئیدانە دەکات.
Your Comment