مەسروور بارزانی داوای هاوئاهەنگیی سێ لایەنە دەکات بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچە کێشە لەسەرەکان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەسروور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان له‌ پێشوازی كردنی جەنەراڵ وۆلتر پایێت، فەرماندەی گشتیی نوێی هێزی هاوپەیامانان لە عێراق و شاندی یاوەری، نیگه‌رانی خۆی له‌ سەرهەڵدانەوەی چالاکیی تیرۆریستان لە هەندێ ناوچەی عێراق و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەربڕی.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، بە پێویستیشی زانی هەرچی زووتره‌ بە هاوکاری و هەماهەنگیی هەرێم و لایەنە نێودەوڵەتی و عێراقییەکان رەوشی ئەم ناوچانە ئاسایی بکرێنەوە و هەموو ئەو هۆکارە سیاسی و ئابووری و ئیدارییانە لابدرێن کە رێخۆشکەرن بۆ سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی و گەشەکردنەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان.

مه‌سروور بارزانی، دووپاتیشی کردەوە، هەرێمی کوردستان بە هەموو توانایێک لە بەرەی جەنگی دژ بە تیرۆریستاندا دەمێنێتەوە.

لە بەرامبەردا فەرماندەی گشتیی هێزی هاوپەیمانان پابەندبوونی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بۆ هاوکاری و هەماهەنگی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە و رایگەیاند، هەرێمی کوردستان پێگەیێکی کاریگەری هەیە و وەک فاکتەرێکی سەقامگیری لە ناوچەکەدا جێگەی پێزانینی هاوپەیمانانە.

جەنەرال پایێت ئاواتی خواست کە بە هەماهەنگی هەموو لایێک رێگە لە سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی بگیرێت و بردنەوەی جەنگی دژ بە تیرۆریستان بە بردنەوەی ئاشتی و سەقامگیری کۆتایی پێ بێت.

سەرچاوە: کوردستان 24

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 12909

Your Comment

You are replying to: .
captcha