ئێران وەڵامی توندی بەرپرسانی سعوودیە دەداتەوە

بەشی ئێران- وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتوویەتی: سعوودیە تۆمەتی بێ بنەما دەخاتە پاڵ ئەم و ئەو و بەوەش دەیەوێت شکستەکانی خۆی لە شەڕی یەمەندا بکات بە ژێر لچەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس بارام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا بە بۆنەی سێهەمین ساڵوەگەڕی هێرشی سعوودیە بۆ سەر یەمەن ڕای­گەیاند: سعوودیە تۆمەتی بێ بنەما و بێ بەڵگە دەخاتە پاڵ ئەم و ئەو و بەوەش دەیەوێت شکستەکانی خۆی لە شەڕی دژ بە خەڵکی یەمەندا بکات بە ژێر لچەوە ئەوەش لە حاڵێکدایە سعوودیە کۆمەڵێک چەکی پێشکەوتووی جیهانی بە دەستەوەیە و چەندین ملیار دۆلار چەکی نوێی کڕیوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران زیادی کرد: ڕاستەکەی ئەوەیە سعوودیە و هاوپەیمانەکانی لە شەڕە نایەکسانەدا ڕووبەڕووی بەرخۆدانی خەڵکی یەمەن بوونەتەوە و شکستێکی خراپیان بینیوە.

قاسمی هەروەها کاردانەوەی بە لێدوانی وتەبێژی سەربازیی سعوودیەش پیشان دا و وتی: بێ گومان ئەو قسە شەڕئەنگیزە و ئەو لێدوانە نابەرپرسیارانە پێوشوێنگیری دەکرێت و لە باری یاسای نێودەوڵەتییەوە بەدواداچوونی بۆ دەکەین.

ناوبراو ئەوەشی زیاد کرد: قەبارە و توانای سعوودیە ئەوە نییە کە بتوانێت خولیاکانی خۆی جێبەجێ بکات.

قاسمی لە کۆتاییدا وتیشی: دەبوو کەمترین ئەزموونی شەڕی یەمەن بۆ سعوودییەکان ئەوە بووبا کە تێبگەن بە خۆ بە زل زانین و کڕینی چەکی پێشکەوتووی ملیارد دۆلاری ناتوانن دەسەڵات و ئاسایش بۆ خۆ بسێنن.

News Code 12882

Your Comment

You are replying to: .
captcha