بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، فوئاد مەعسووم، سەرۆک کۆماری عێراق پەسند کردنی یاسای بودجە ڕەت کردەوە و رەوانەی پەرلەمانی کردەوە، بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لەو ماددانە بکرێ کە بەگوتەی سەرۆکایەتیی کۆمار "نادەستوورین" و ژمارەیان دەگاتە 31 ماددە و بڕگە.
بەپێی راگەیێندراوێکی ئەو کاتەی راگەیاندنی سەرۆک کۆمار، بڕیارەکەی فوئاد مەعسووم بەئامانجی سەرلەنوێ وردبینی کردن و پێداچوونەوە بوو بە نێوەڕۆکی یاساکە لە ڕووی دەستووری، دارایی و یاساییەوە، کە نزیکەی 31 خاڵی یاساکە ناکۆکە لەگەڵ یاسا کار پێکراو و پەیڕەو کراوەکاندا، لەوانەش پشکی کوردستان لە بودجە و مووچەی پێشمەرگە.
هەر ئەو کاتە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، هیچ کەسێک دەسەڵاتی ئەوەی نییە بودجە رەوانەی پەرلەمان بکاتەوە و پێویستە سەرۆک کۆمار یاسای بودجە رەوانەی حکوومەت بکات بۆ ئەوەی جێبەجێی بکەن.
هەرچەندە بەشێک لە پەرلەمانتارانی كورد پێیانوابوو، سەرۆك كۆمار دەتوانێ یاسای بوجە رەت بكاتەوە و بینێرێتەوە بۆ پەرلەمان، بەڵام عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، راوێژكارێكی سەرۆك كۆماری عێراق دەڵێت: بەكارهێنانی ڤیتۆ تەنیا لە خولی یەكەمی سەرۆكایەتی مام جەلالدا هەبووە و دواتر ئەو دەسەڵاتە لە سەرۆك كۆمار وەرگیرایەوە "ئەگەر تاوەكوو 15 رۆژ دوای پەسندكردنی یاساكە، سەرۆک كۆمار واژۆی نەكات، بۆ خۆی یاساكە جێبەجێ دەبێت".
رۆژی 3-3-2018 پەرلەمانی عێراق بەبێ بەشداری کورد، پڕۆژەیاسای بودجەی خستە دەنگدانەوە و پەسندکرا، ئەوەش ناڕەزایەتی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی لێکەوتەوە.
سەرچاوە: ڕووداو
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment