هێزێکی گه‌وره‌ له‌ سوپای عێراق به ‌چه‌كی قورسه‌وه‌ له‌ شه‌نگال جێگیر کراون

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- پاش هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رپرسانی تورکیا له‌ باره‌ی هاتنی سه‌ربازانی ئه‌و وڵاته‌ بۆ شه‌نگال و ڕاگه‌یاندنی فه‌رمیی ده‌ست‌پێکردنی هێرش بۆ ئه‌و شاره‌ی پارێزگای نه‌ینه‌وا له‌ لایه‌ن ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان، سه‌رکۆماری تورکیا، هێزێکی گه‌وره‌ له‌ سوپای عێراق به‌ چه‌کی قورسه‌وه‌ هاتنه‌ ناوچه‌ی شه‌نگال و له‌وێدا جێگیر کران.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیا ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌/ 5ی خاکه‌لێوه‌ له‌ شه‌شه‌مین کۆنگره‌ی پارتی داد و گه‌شه‌ له‌ پارێزگای ترابزۆن، ده‌ست‌پێکردنی هێرش بۆ شه‌نگالی ڕاگه‌یاند.

له‌ کاردانه‌وه‌ به‌و لێدوانانه‌، فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شی عێراق ده‌ستبه‌جێ له‌ به‌یاننامه‌یێکدا هاتنی هه‌ر جۆره‌ هێزێکی بیانی له‌وان سوپای تورکیا بۆ ناوچه‌ی ئێزدی نشینی ئه‌و وڵاته‌ی ڕه‌ت کرده‌وه‌ و وتی: "دۆخی ئه‌منیی پارێزگای سنووریی نه‌ینه‌وا، شاری ئێزدی نشینی شه‌نگال و ناوچه‌ی سنووریی ئه‌وه‌ له‌ ژێر کۆنتڕۆڵی هێزه‌ عێراقییه‌کاندایه‌ و هاتنی هێزه‌ بیانییه‌کان بۆ ئه‌و ناوچه‌یه‌ ڕاست نییه‌."

هاوپه‌یوه‌ند به‌و بابه‌ته‌، غیاس سوورچی له‌ به‌رپرسانی پارتی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی ئه‌و پارته‌، وتی: ئێواره‌ی ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌/ 5ی خاکه‌لێوه‌ حکوومەتى عێراق لیوایێکى بە چەکى قورسەوە ڕەوانەى قەزاى شه‌نگال کردوووه‌ و له‌وێدا جێگیر بوون.

ناوبراو له‌ جێگیربوونی ئه‌و هێزانه‌ له‌ سنووره‌کانی عێراق له‌گه‌ڵ سووریا هه‌واڵی دا و وتی: جێگیربوونی هێزه‌کانی سوپای عێراق له‌ شه‌نگال پاش چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی په‌که‌که‌ له‌ ناوچه‌که‌ ئه‌نجام دراوه‌. هێزه‌کانی ئه‌و حیزبه‌ له‌ 3ی ئووتی 2014ه‌وه‌ له‌ ناوچه‌که‌ جێگیر بوون و ڕێگریان ده‌کرد له‌ جووڵه‌ی تیرۆریستان له‌ سنووره‌کانی دوو وڵات.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی یه‌کێتیی نیشتمانی ڕای‌گه‌یاند که‌ هێزه‌کانی سوپای عێراق به‌رپرسیاریێتی به‌ره‌ڤانی و پاسه‌وانی له‌ سنووره‌کانیان له‌ ئه‌ستۆدایه‌ و ڕێگری ده‌که‌ن له‌ هه‌ر جۆره‌ جووڵه‌ی سه‌ربازی له‌ ناوچه‌که‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 12846

Your Comment

You are replying to: .
captcha