فه‌رمانده‌ی گشتیی ده‌سته‌ی راوێژكارانی سه‌ربازیی هاوپه‌یمانان: به‌رده‌وام دەبین لە یارمه‌تی هێزی پێشمه‌رگه‌

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، فه‌رمانده‌ی گشتیی ده‌سته‌ی راوێژكارانی سه‌ربازیی هاوپه‌یمانان به‌ڵێنیان پێداون، یارمه‌تی و هاوكاریه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌رده‌وام بێت.

کوردپرێس: به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم، پێشوازیی كرد له‌ جه‌نه‌ڕاڵ رێدئاوت، فه‌رمانده‌ی ده‌سته‌ی راوێژكارانی باڵای سه‌ربازیی هاوپه‌یمانان له ‌عێراق و سووریا و شاندی یاوه‌ری و له‌ دیدارێكدا، ستایشی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌كانی هاوپه‌یمانانی كرد، كه‌ "بوونه‌ته‌ هۆكاری گه‌شه‌سه‌ندن و پێشوه‌چوونی زیاتری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له ڕووی توانستی سه‌ربازیه‌وه"‌.

هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق له ‌پێكهێنانی ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش تاوتوێ كرا، هه‌ردوولا به ‌گرنگیه‌وه‌ له‌ پرسه‌یان روانی، به‌دیاری كراوی له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كاندا، بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ ئه‌منیانه‌ی له ‌نێوان هه‌ردوولادا هه‌یه‌ و تیرۆریستان ده‌رفه‌تی قۆستنه‌وه‌ی كاری ترسنۆكانه‌یان بۆ ره‌خساوه‌ له‌و ناوچانه‌دا.

له ‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته ‌ڕوو، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و رێگری كردن له‌ جموجۆڵ و مه‌ترسیه‌كانی ئێستای تیرۆریستانی داعش به‌درێژایی سنووری نێوان عێراق و سووریا و كاریگه‌رییه‌كانی به‌سه‌ر سه‌قامگیری ته‌واوه‌تی ناوچه‌كه‌ گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كرا.

له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، كه‌ راوێژكارانی سه‌ربازی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌ی بوون، پرسی یارمه‌تی و هاوكارییه‌كانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ تاوتوێ كرا و له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌ی گشتیی ده‌سته‌ی راوێژكارانی سه‌ربازیی هاوپه‌یمانان جه‌خت كرایه‌وه‌ له‌سه‌ر به‌رده‌وامیی یارمه‌تی و هاوكاریه‌كان، بۆ ئه‌مه‌ش به‌ڵێنیدا، كه‌ ئه‌م هاوكارییانه‌ به‌رده‌وامی ده‌بێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1284

Your Comment

You are replying to: .
captcha