بەپێی هەواڵی کوردپرێس هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ئامادەبوونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لێپرسراوی ناوەندی دەرەوە، پێشوازیی كرد لە عەمید عەلی کەمال عەبدولڕەزاق بەڕێوەبەری نوێی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک و موقەدەم نەشئەت شاهوێز بەرێوەبەری پاسپۆرتی کەرکووک، لەدیدارێكدا بارودۆخی ئێستای کەرکووک و بەتایبەت دۆخی ئەمنیی سنووری ناوچە دابڕێندراوەکان و ژیانی هاووڵاتییان لەو سنوورە گفتوگۆی لە سەر كرا.
لەو دیدارەدا، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد پیرۆزباییی لە عەمید عەلی کەمال کرد بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووک و هیوای سەرکەوتنی لەکارەکەیدا بۆ خواست، هاوکات پشتیوانیی خۆشی نوێ کردەوه لەپێناو خزمەت کردنی پارێزگاكە و دانیشتووانەکەی و بەدیهێنانی هاوسەنگی و پاراستنی ئۆقرەیی و ئاشتی لەشارەكەدا.
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد باسی لەوە كرد لە هەوڵەكانیان بەردەوام دەبن بۆ چارەسەر كردنی كێشەكانی پارێزگاكە و بەدەنگەوە چوون بۆ داوای هاووڵاتییان، هاوکات دووپاتی كردەوە یەكێتی لەخەباتی سیاسی و دیموکراسی بۆ خزمەت کردنی کەرکووک و دانیشتووانە خۆڕاگرەکەی بەگشت پێکهاتەکانییەوە بەردەوام دەبێت، لەهەنگاوەكانی داهاتووشدا درێژە بەجێبەجێكردنی سیاسەتی چەپكە گوڵەكەی مام وەك بنەمای كاركردنی هەمەلایەنە لەشارەكەدا دەدەن.
لای خۆشیەوە، عەمید عەلی کەمال بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای کەرکوک لەگەڵ دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ پێشوازی کردنەکە، پشتیوانیی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد-ی بەگرنگ و پێویست لەراپەڕاندن و جێبەجێک ردنی ئەرک و بەرپرسیارێتیە نوێیەکەیدا ناوبرد.
Your Comment