بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئێمە بڕە پارەیێکمان ناردووە کە بەشێکی تایبەتە بۆ مووچە لەگەڵ ئەو بەشەی هەرێم بەدەستی دەهێنێت لە فرۆشی نەوت بە هەردووکی بەشی مووچەی تەواوەتی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات".
سەرۆک وەزیرانی عێراق هەروەها گوتی: بەشێک پارەمان رەوانە کردووە پشتیوان بەخودا دوای جەژنەکانی نەورۆز بەشێکی دیکە خەرج دەکەین. داوا دەکەیەن بە زووترین کات ئەو پارەیە بە تەواوەتی دابەش بکرێت بۆ سەرجەم فەرمانبەران.
حەیدەر عەبادی بە ئاماژەدان بەوەی هەندێک داوام لێدەکەن مامەڵە لەگەڵ حکوومەتی هەرێم نەکەم ، گوتی: "منیش دەڵێم ئەی لەگەڵ حیزبەکان مامەڵە بکەم؟ لەگەڵ دەسەڵاتی پارێزگاکان؟". گوتیشی: "لە بودجەدا بەشی پارێزگاکانمان دیاری کردبوو بەڵام سەرجەم فراکسیۆنە کوردییەکان رەتیان کردەوە".
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بە بڕی پێویستی گوتی: "حکوومەتی هەرێم خۆی رایگەیاندووە کە بۆ پێدانی مووچە مانگانە پێویستیان بە 650 ملیار هەیە ، لەگەڵ ئەو پارەی ناردوومانە حکوومەتی هەرێم لە رێگەی هەناردەی نەوتەوە دەتوانێت مووچەی تەواوی فەرمانبەران بدات".
حەیدەر عەبادی گوتی: "بەپێی زانیاریانەی بەو لیژنانە دراوە کە وردبینیان لە لیستی فەرمانبەران کردووە 400 هەزار فەرمانبەر هەن، 15 بۆ 20%ی ئەو فەرمانبەرانە بوونیان نییە، واتە 300 هەزار فەرمانبەر دەمێنێتەوە، ئەو مووچەیەی ناردوومانە بەشی مووچەی تەواوەتی ئەوانە دەکات، دوای ئەوەی ئەو پارەیەشمان ناردووە لەگەڵ ئەوەش وردبینی هەر بەردەوامە".
سەرچاوە: ڕووداو
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment