بەپێی هەواڵی کوردپرێس مورتەۆزا عەبادی کۆنسووڵی ئێران لە هەولێر وتوویەتی زۆرینەی بازرگانانی ئێران و هەرێمی کوردستان داخرانی مەرزەکان لە ڕۆژانی پشووی فەرمیی ئێراندا بە داڵغەی خۆیان دەزانن و بڕوایان وایە داخرانی مەرز لە ڕۆژانی هەینی و پشووی فەرمیدا لەگەڵ عەقڵییەتی ئابووری و بازرگانیدا ناگونجێت.
هەر لەو بارەیەوە عەبادی زیادی کرد: بەگوێرەی ڕێککەوتنی نێوان بەرپرسانی پارێزگا سنوورنشینەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان بڕیار دراوە تەنها سێ ڕۆژی نەورۆز، جێژنی ڕەمەزان و جێژنی قوربان سنوورە فەرمییەکانی نێوان دوو وڵاتی ئێران و عێراق واتا باشماخ، پەروێزخان و حاجی ئومەران دابخرێن.
ناوبراو لەبارەی پشووی نەورۆزیشەوە وتی ئەگەرچی سنوور لە ڕۆژانی نەورۆزدا کراوەیە بەڵام لە ئێران ئاموشۆی بارهەڵگرەکان لە نەورۆزدا سنووردار دەکرێت و پۆلیسی ڕێگا و بان قەدەغەی هاتوچۆ دەخاتە سەر لۆری و بارهەڵگرەکان هەر بۆیەش ڕەوتی چالاکیی سنوورەکانیش لەو ڕۆژانەدا کز دەبێت.
کونسووڵی ئێران لە هەرێمی کوردستان زیادی کرد: نەک هەر بازرگانانی عێراقی بەڵکوو بەرپرسانی ئەو وڵاتەش هاوڕان لەگەڵ ئەوەی تەنانەت سێ ڕۆژی پشووی ڕاگەیەندراویش هەڵبوەشێتەوە و مەرزە فەرمییەکان کراوە بن.
فەرمانبەرانی هەر چوار سەنتەری گومریکات، پەساپۆرت، ستاندەر و قەرەنتینە و دیکەی دایرەکانی سەر سنوور لە سێ کاتی بەش کراودا دەوام دەکەن و 24 کاتژمێر مەرزەکان کراوەیە.
ناوبراو سەبارەت بە دەسەڵاتی دەوڵەتی مەرکەزی لە سەر مەرزەکان وتی: بازاڕچەکان لە سەر ڕەوتی ئاسایی چالاکییان دەنواند تاوەکوو بەگوێرەی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بڕیار درا دەروازە سنوورییەکان لە دەسەڵاتی دەوڵەتی فیدراڵدا بن و مەرزە نافەرمییەکان دابخرێن. ئێستەش کۆنسووڵخانەی ئێران لە عێراق بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکات و تا ئەو کاتەی پرسەکە یەکلا دەبێتەوە مەرزە نافەرمییەکان بەردەوام دەبن لە کار کردنیان.
کۆنسووڵی ئێران لە هەولێر، بوونی مەرزە فەرمییەکان بە پێویست دەزانێت و دەڵێت دەوری تایبەتیان هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی قاچاخ و گەشەپێدانی کەرتی ئابووری و ڕەخساندنی هەلی کار.
عەبادی بە وردی داهاتی سەر مەرزەکان لە ماوەی دە مانگی ڕابردوودا بەم شێوازە دەخاتە ڕوو:
شێخ سڵە: 270 ملوێن دۆلار
شۆشمێ: 43 ملوێن دۆلار
سەیرانبەند: 83 ملوێن دۆلار
کێلێ: 120 ملوێن دۆلار
ناوبراو داهاتی دیکەی سنوورە فەرمییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بەم شێوازە دەخاتە ڕوو:
سنووری حاجی ئومەران: 250 ملوێن دۆلار
سنووری باشماخ: 838 ملوێن دۆلار
سنووری پەروێزخان: 520 ملوێن دۆلار
عەبادی هیوای ئەوەشی خواست پاش سەردانەکەی پارێزگاری هەولێر بۆ ئێران و دیداری دوو لایەنە، چیتر کێشەی پشووی مەرزەکان چارەسەر بکرێت و پەرە بە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان دوو لایەن بدرێت.
Your Comment